لە سۆران بڕێك پارەی ساختە دەستی بەسەردا گیرا

چەند كەسێك دەستگیركران

K24 - سۆران

لە بازاڕی قەزای سۆران دەست بەسەر بڕێك پارەی ساختەدا دەگیرێت و چەند كەسێك بە تۆمەتی مامەڵەكردن بە دۆلار و دیناری ساختە دەستگیر كران.

سەعدون ھاودیانی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای ئەوەی زانیارییمان پێگەیشت پارەی ساختە لە بازاڕی سۆران ھەیە، بە دواداچوونمان كرد و كەسێك بەو تۆمەتە دەستگیركرا و لە دوای لێكۆڵینەوە كەسەكە دانی بە تاوانەكە دانا و دواتر ناوی چەند كەسێكی دیكەی ئاشكرا كرد و ھەموو ئەو كەسانە دەستگیركران".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو كەسانەی دەستگیركراون خەڵكی دەڤەری سۆرانن و پارەی ساختەیان لە بازاڕی سۆران ساخكردووەتەوە".