داعش 8 جار كڕین و فرۆشتن بە ئافرەتێكی ئێزدی دەكات
برای لەیلا چیرۆكی خوشكەكەی دەكات بە كتێب
K24 - دھۆك
لەیلا، ئافرەتێكی كوردی ئێزدییە كە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو، لە ماوەی سێ ساڵدا ھەشت جار كڕین و فرۆشتنی پێوە، ئێستا دوای رزگاركردنی لەدەست داعش، برایەكی لەیلا لە چوارچێوەی كتێبێك، ئازارەكانی خوشكەكەی نووسیوەتەوە و بە سێ زمان چیرۆكەكەی بڵاوكردووەتەوە.
لەیلا تەعلۆ، ئەو رزگاربووەی دەستی داعشە كە لەلایەن داعشەوە ھەشت جار كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە و چەندین جاریش دەستدرێژی كراوەتەسەر، ئەو بە كوردستان24 گوت: "راستە چیرۆكی ئازارەكانی من كراوەتە كتێب، بەڵام ھەر من نیم ئەوەم بەسەر ھاتووە، ھیوادارم ئازارەكانی ژنانی دیكەی ئێزدیش بنووسرێتەوە و بڵاوبكرێتەوە".
چیرۆكی لەیلا یەكێكە لە چیرۆكی سەدان كچ و ژنی دیكەی ئێزدی كە كەوتوونەتە دەستی داعش، بەڵام ئەو برایەكی خەمخۆری ھەیە و چیرۆكی خوشكەكەی كردووە بە كتێب و بە سێ زمان چاپیكراوە.
خالید تەعلۆ، برای لەیلا دەڵێ: "بڕیارێكی زەحمەت بوو بۆ من كە چیرۆكی خوشكەكەم بنووسمەوە و بكەم بە كتێب، ھیوادارم ئازار و ئەشكەنجەی ژنانی دیكەی بندەستی داعش بكرێت بە كتێب بۆ ئەوەی ئەو زووڵمە بزر نەبێت".
لە كاتی داگیركردنی شنگال لە ساڵی 2014 لەلایەن چەكدارانی داعش، زیاتر لە 6 ھەزار و 400 كەس لە كوردانی ئێزدی رفێندران، بە ھەوڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان توانراوە ژمارەیەك لەو رفێنراوانە ئازاد بكرێن.
