عه‌بدولڕه‌حمان ئاپۆ باس له‌ هه‌ڵوێستى سه‌رۆك بارزانى له‌ باره‌ى عه‌فرينه‌وه‌ ده‌كات

له‌ كۆبوونه‌وه‌يدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی باسی دۆسيه‌ی عه‌فرینی كردووه

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا (په‌ده‌كه‌سه)‌ عه‌بدولڕه‌حمان ئاپۆ بۆ كوردستان24 رايگه‌ياند، له‌ كۆبوونه‌وه‌يدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی باسی دۆسيه‌ی عه‌فرینی كردووه‌.

عه‌بدولڕه‌حمان ئاپۆ گوتيشى: سه‌رۆك بارزانی نیگه‌رانی خۆی له‌ دۆخی عه‌فرین پیشاندا و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ دۆخه‌كه‌ سه‌قامگیر ببێته‌وه‌ بۆ عه‌فرین ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كەسایەتیی سیاسیی كوردی سوریا و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان – سوریا عەبدولڕەحمان ئاپۆ كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادبوونی عەبدولڕەحمان ئاپۆ لە زیندان نیشاندا و ڕاشیگەیاند، جێگەی داخێكی زۆرە تێكۆشەرێكی وەك ئەو بەدەستی لایەنێكی كوردی بخرێتە زیندان.

سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد لە سووریا بێت.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی سووریا و رەوشی كورد لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئایندەی كورد لە سووریا، جەختی لەوە كردەوە، خواستی ئێمە بۆ باشتربوونی كێشەی كورد لە سووریا شتێكی تر بوو، بەڵام بەهۆی رەفتار و بڕیاری تاكلایەنە و پێشێلكردنی رێكەوتننامەكانی نێوان لایەنەكان ئێستا بارودۆخێكی ئاڵۆز و تەمومژاوی و پڕ لە گرفت بۆ گەلی كورد لە سووریا هاتووەتە ئاراوە كە ئەمە جێگەی داخێكی گەورەیە بۆ هەموومان.