كۆڵبەرێكی دیكەی كورد كوژرا
یەكێكی دیكە بریندارە
K24 - ھەولێر
كۆڵبەرێكی دیكەی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان لە ناوچە سنوورییەكان كوژراو و یەكێكی دیكەش برینداربوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە: "شەوی 14/12/2018 هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لەئاکامدا كۆڵبەرێك گیانی لەدەستداوە و كۆڵبەرێكی دیكەش برینداربووە".
بەپێی ئەو رێكخراوە: "ئەو كۆڵبەرەی گیانی لەدەستداوە ناوی رەحمان کتابی-یە و تەمەن 45 ساڵە و ئەوەی كە برینداربووە ناوی محەمەد مەعرووفی تەمەن 20 ساڵە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "كۆڵبەرە بریندارەكە گواستراوەتەوە بۆ بنكەیەكی تەندروستی و باری تەندروستی ناجێگیرە".
وەك ئەو رێكخراوە ئاماژەی پێكردووە، كۆڵبەرە كوژراوەكە خێزاندار و باوکی پێنج منداڵ بووە.
بەپێی ئاماری رێكخراوی ھەنگاو لەسەرەتای ئەمساڵدا 30 کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە بوونەتە قوربانی کە 6 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 24 کەسی دیكەش بریندار بوونە.