سبه‌ی رۆژێكی ئاگرین چاوه‌ڕوانی خولی نایابی كوردستان ده‌كات
دێربی پیرمام به‌رێوه ده‌چێت و له سلێمانیش یاری لوتكه ده‌كرێت
له گه‌ڕی ده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان ئێواره‌ی هه‌ینی 4 یاری دیكه له خولی نایابی كوردستان ده‌كرێن، دێربی پیرمام به‌ڕێوه ده‌چێت، یاری لوتكه‌ش له سلێمانی له نێوان پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیش و دهۆك ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌ربه‌ندیخانیش بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی هه‌ندرێن گه‌شتی هه‌ولێری كردووه، ئاكرێ و شێروانه‌ش به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
ئارارات و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له دێربی پیرمام به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
له به‌رزاییه‌كانی پیرمام ئارارات و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، هه‌میشه یاری ئه‌م دوویانه‌یه له نێو لاكێشه‌ی سه‌وز سیمایه‌كی جۆش و خرۆش به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌وپێیه‌ی باره‌گای هه‌ردوو یانه له‌یه‌كتر نزیكه‌وه و ساڵانه كێبڕكێیه‌كی توند و به‌هێز له نێوانیاندا هه‌یه.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر هه‌فته‌ی رابردوو له ئاكرێی برده‌وه و سوودی له دۆڕانی پیشمه‌رگه‌ی سلێمانی وه‌رگرت و خۆی گه‌یانده لوتكه‌ی خوله‌كه، بۆیه ئه‌م یارییه بۆ جه‌نگاوه‌ره‌كانی سه‌میر بابۆی راهێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر چاره‌نووسسازه چونكه له ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستدانی خاڵ ره‌نگه پێشه‌نگ له‌ده‌ست بدات.
ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د راهێنه‌ری یانه‌ی ئاراراتیش ئه‌مڕۆ ده‌یه‌وێت به بردنه‌وه له پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری دراوسێی، قه‌ره‌بووی شكسته گه‌وره‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی به‌رامبه‌ر دهۆك بكاته‌وه.
پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر خاوه‌نی 19 خاڵه و خانه‌ی یه‌كه‌می گرتووه، ئاراراتیش 14 خاڵی كۆكردۆته‌وه له پله‌ی پێنجه‌م ده‌بیندرێت.
یاری لوتكه له سلێمانی به‌ڕێوه ده‌چێت
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له نێو یاریگه‌ی خۆی باوه‌ش بۆ دهۆكی میوانی ده‌كاته‌وه، ئه‌م دوویانه‌یه ئه‌م وه‌رزه بارودۆخیان به ته‌واوه‌تی له‌یه‌كتر نزیكه و هه‌ریه‌كه‌یان به 17 خاڵ و به جیاوازی گۆڵ له پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه دێن، هه‌ردوویانه له‌م یارییه له پێناو گه‌یشتن به پێشه‌نگی خولهك بۆ تێكشكاندنی یه‌كتر ده‌جه‌نگێن.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دوای سه‌ره‌تایه‌كی باش له خوله‌كه، به‌ڵام دوو یارییه له‌سه‌ریه‌ك شكست به‌رۆكی ده‌گرێت و له لوتكه‌ی خوله‌كه هاتۆته خواره‌وه، له‌م یارییه‌دا ئه‌رسه‌لان جه‌لال راهێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی كۆشش بۆ ئه‌وه ده‌كات به بردنه‌وه له دهۆك هانده‌رانی ئاشت بكاته‌وه و بۆ لوتكه‌ی خوله‌كه‌ش بگرێته‌وه، له ئه‌گه‌ری هه‌ر ئه‌نجامی دیكه‌ی خراپ ره‌نگه بردنه‌وه‌ی ناسناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له چوارچێوه‌ی خه‌ون و خه‌یاڵ بمێنێته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی دهۆك دوای سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی به‌رامبه‌ر ئارارات، به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه سه‌ردانی سلێمانی كردووه و تاكه یانه‌ی خوله‌كه له كۆی 9 یاری ئه‌م وه‌رزه هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاندووه.
ده‌ربه‌ندیخان له پایته‌خت به‌ره‌نگاری هه‌ندرێن ده‌بێته‌وه
له هه‌ولێری پایته‌خت ده‌ربه‌ندیخان بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خۆیدا له خولی نایابی كوردستان رووبه‌ڕووی هه‌ندرێن ده‌بێته‌وه، ئه‌م دوو یانه‌یه هه‌ردووكیان به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه به‌ره‌نگاری یه‌كتر ده‌بنه‌وه، به‌وپێیه‌ی هه‌ندرێن دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی خراپ، دوو یارییه له‌سه‌ریه‌ك سه‌ركه‌وتن تۆمار ده‌كات، له به‌رامبه‌ردا ده‌ربه‌ندیخانیش هه‌فته‌ی رابردوو سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنی تۆمار كرد و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له پێشه‌نگی خوله‌كه هێنایه خواره‌وه.
ده‌ربه‌ندیخان به 12 خاڵ و هه‌ندرێن به كۆكردنه‌وه‌ی 11 خاڵ له پله‌كانی حه‌وته‌م و هه‌شته‌می ریزبه‌ندی خولی نایابی كوردستان دێن.
ئاكرێ و شێروانه یاریی به‌یه‌كه‌و ده‌كه‌ن
شێروانه له گه‌رمیانه‌وه روویكردۆته بادینان و ده‌بێته میوانی ئاكرێ، ئه‌م دوویانه ئامانجی سه‌ره‌كیان مانه‌وه له خوله‌كه، به‌وپێیه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان له‌م وه‌رزه رووبه‌ڕووی زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی خراپ بوونه‌ته‌وه.
شێروانه له دوای گۆڕینی راهێنه‌ر و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له ئه‌ستێره‌كانی وه‌رزی رابردوو تا دێت ئه‌نجامه‌كانی باشتر ده‌بن و به‌ره‌و پله‌كانی سه‌ره‌وه هه‌ڵده‌كشێت، له به‌رامبه‌ردا ئاكرێ هێشتا نه‌یتوانیوه له دوایین خانه‌ی ریزبه‌ندییه‌كه ده‌ربازی بێت، بۆیه ئه‌م یارییه بۆ یانه‌ی ئاكرێ وه‌ك یاری مان و نه‌مان وایه، چونكه له نێو یاریگه‌ی خۆیان رووبه‌ڕووی شێروانه ده‌بنه‌وه.
ئاكرێ له‌م وه‌رزه له كۆی 9 یاری ته‌نیا یه‌ك یاری بردۆته‌وه، 2 به‌رامبه‌ر بوونی هه‌یه و خاوه‌نی 6 شكسته، ئه‌مه‌ش به‌رزترین رێژه‌ی دۆڕاندنه‌كه له خوله‌كه، له به‌رامبه‌ردا شێروانه ئه‌م وه‌رزه 3 بردنه‌وه و 2 به‌رامبه‌ربوون و 4 شكستی هه‌یه و به كۆكردنه‌وه‌ی 12 خاڵ پله‌ی ده‌یه‌می گرتووه.
