شیرین فوئاد مه‌عسووم: كورد پێویستی به رابه‌ڕێك هه‌یه ئه‌ويش سه‌رۆك بارزانییه
"خیانه‌تی نیشتیمانی" ناوماڵی كوردی تێكداوه
K24 - هه‌ولێر:
له‌دوای شه‌ڕی ئازادی عێراقه‌وه، پێنه‌دانی مافه‌كانی كورد و جێبه‌جێنه‌كردنی به‌ڵێنه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداوه بووه‌ته هۆكاری كێشه و ئاڵۆزی به‌رده‌وام له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌وباره‌شه‌وه شیرین فوئاد مه‌عسووم كچی سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراق ده‌ڵێت: "كورد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه ناوخۆيی و ده‌ره‌كییه‌كانی ده‌بێت, سه‌ره‌تا ناوماڵی خۆی ڕێكبخاته‌وه".
شیرین ده‌شڵێت: "كورد ئێستا بۆ گه‌یشتن به‌ماف و ئامانجه‌كانی پێویستی به‌ڕابه‌رێكه كه ئه‌ویش سه‌رۆك بارزانییه".
كێشه سیاسی و ده‌ستووریيه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تا ئێستا به‌رده‌وامیان هه‌یه و له‌و نێوه‌نده‌شدا له‌كاتی سه‌ردانی شانده دیبلۆماسی و سیاسیيه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌میشه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌یانه‌وێت كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێن، به‌ڵام كلیلی چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی كورد هه‌ر له گیرفانی خۆماندایه و بریتییه له یه‌كڕیزی و یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كوردستانی، ئه‌مه قسه‌ی شیرین فوئاد مه‌عسوم كچی سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراقه، ئه‌و ده‌شڵێت: "كورد ئێستا پێویستی به رابه‌رێكه، ئه‌ویش سه‌رۆك بارزانییه".
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له دوای جه‌نگی ئازادی عێراق به‌هه‌وراز و نشێوی زۆردا تێپه‌ڕیوه و له‌هه‌ندێك جاریشدا په‌رته‌وازه‌يی ناوماڵی كورد زیانی زۆری له پێگه‌ی كورد داوه له‌به‌غدا، هۆكارێكیش بووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی به‌غدا له‌پێدانی مافه‌كانی كورد جدی نه‌بن، شاره‌زایه‌كی سیاسیش پێیوایه، حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت كار بۆ به‌هێزكردن و بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری بكات، به‌جۆرێك كه ئیدی پێویستمان به به‌غدا نه‌مێنێت.
یه‌كڕیزی و یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد، قسه‌ی سه‌ره‌تا و كۆتایی هه‌موو تاكێكی كورده بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵام كێشه‌ی سیاسی و ململانێی حزبی و هه‌ندیكجاریش خیانه‌تی نیشتیمانی له‌و هۆكارانه‌بوون كه زیانی زۆریان له پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ناوچه‌كه داوه و نه‌شتوانراوه به‌و هۆیه‌وه ماف و داخوازییه‌كانی كورد بهێنرێنه دی.
ئ. م