پەرلەمان دواین هیوای کابینەی داهاتووی عێراقە

کوتلەکان لەسەر کاندیدەکان رێکناکەون

K24 – هه‌ولێر:

دوای ئەوەی گفتوگۆی نێوان کوتلەی بینا و ئیسلاح بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هادی عامری لەبارەی کاندیدکردنی فالح فەیاز بۆ وەزیری ناوخۆ شکستی هێنا، جارێکی دیکە ئەو پرسە دەبردرێتەوە پەرلەمانی عێراق.

بەرپرسێکی باڵای کوتلەی ئەلبینا بۆ رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی ئاشکرا کردووە، پەرلەمان هیچ بژاردەیەکی جیا لە دەنگدان بۆ فەیاز پێ نییە و دەبێت ئەو پەرسە لە دانیشتنی پەرلەمان یەکلا بکرێتەوە.

دەشڵێت: "رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە پێش چوونە پەرلەمان شکستی هێناوە".

لەبارەی بۆچوونی سەرۆک وەزیران، عادل عەبدولمەهدی، بۆ کاندیدکردنی فەیاز، ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە: "تاکو ئێستا عادل عەبدول مەهدی پشتگیری فەیاز بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ دەکات".

لەلایەکی دیکەوە، حەمدوڵا ئەلریکابی، وتەبێژی کوتلەی سائیروون دەڵێت: "عێراق لە هەر کەسایەتییەک گرنگترە، دەبێت بەها و پرنسیپەکان لەبەرچاو بگیرێت کاتێک کەسێک کاندید دەکرێت".

رۆژی سێشەممەی رابردوو، پەرلەمان سێ وەزیری دیکەی پەسەند کرد، بەڵام هێشتا پێنج کاندید ماون کە دەبێت پەسەند بکرێن و ناکۆکییەکانیش لەو بارەیەوە بەردەوامن.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی دیكەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، كە تەرخانكراوە بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدانی دادگای تێھەڵچوونەوەی فیدڕاڵی و پێكھێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە فڕۆكەخانەی نەجەف و خستنەڕووی راپۆرتی لیژنەی پەروەردە لەبارەی پلەی وەزیفی.

دیاریش نیە بابەتی دەنگدان لەسەر ناوی كاندیدانی 5 وەرازەتە بەتاڵەكەی حكومەت دەخرێتە بەرنامەی كارەوە یان نا.

 

H.J