ئابووری كوردستان گەشە دەكات

"زیاتر پشتگیری لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی بكرێت"

K24 - سلێمانی

ساڵی 2019، بەلای  ئابووریی ناسان و  بازرگانان  بە ساڵی  بووژاندنەوەی  کەرتی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان دادەنرێتم بەسوود وەرگرتن لەو گۆڕانکاریانەی لە پەیوەندییە بازرگانیەکانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و بازرگانان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە ئەنجامی دەدات.

نەوزاد غەفور، جێگری ژووری یەكێتی بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "لە ساڵی نوێ لە بەرنامەماندایە چەند بڕیار و رێنماییەكی تازە دەربكەین كە بگونجێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكە روودەدەن، ھەروەھا داوا لە حكوومەت دەكەین زیاتر پشتگیری لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی بكات، چونكە لەماوەی ساڵی رابردوو بۆ حكوومەتیش دەركەوتووە كە دەبێ پشت بە بەرھەمی ناوخۆ ببەستین".

جگە  لە پشت بەستن بەداھاتی  نەوت، پێشخستنی  کەرتی  کشتوکاڵی  یەکێکی دیکەیە لەو کەرتانەی کە حکوومەتی  ھەرێمی  کوردستان دەیەوێت  لەو  ریگایەوە  ژێرخانی  ئابووری  بەرەو پێش ببات. شارەزایەكی بواری ئابووری دەڵێ "حكوومەت دەتوانێ بە كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و پەرەپێدانی زیاتر بە كەرتی تایبەت گەشە بە ئابووری كوردستان بدات".

لەوبارەوە خالید حەیدەر، شارەزا لە بواری ئابووری بە كوردستان24 گوت: "ھەنگاوی یەكەم دەبێ حكوومەت ژمارەی وەزارەتەكانی كەم بكاتەوە، ھاوكات دەبێ كەرتی تایبەت لە كارەكان بھێندرێتە پێشەوە، ئەگەر ئەوە نەكرێت ئابووری تووشی داروخان دەبێت".

سزا ئابوورییەکانی  ئەمەریکا  بۆ سەر  ئێران و باشتربوونی  پەیوەندییەکانی  نێوان  ھەولێر و  بەغدا، بە یەکێکی دیكە لەو خاڵانە دادەنرێت کە کاریگەریان لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەبێت بەتایبەتی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت و بەجوڵە خستنەوەی ئەو پرۆژانەی کە چەند ساڵیکە بەھۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرەوە تەواو بکرێت.