"سێ وڵات ئاماده‌ن كۆتایی به هێزه كوردییه‌كان بهێنن"
سوپای توركیا و هێزه كوردییه‌كان رووبه‌ڕووی یه‌كتری راوه‌ستاون
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی تایمزی بریتانی له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، توركیا و ئێران ئاماده‌ن بۆشایی پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا پڕبكه‌نه‌وه".
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، توركیا و ئێران و رووسیا ئاماده‌ن به‌ته‌واوه‌تی كۆتایی به هه‌ژموونی رۆژئاوا و هێزه كوردییه‌كان له سووریا بهێنن پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان كشانه‌وه، چونكه زیاتر له دوو هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له‌و وڵاته‌ن و له ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده كارده‌كه‌ن.
رۆژنامه بریتانییه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی له هێزی جیاجیا پێكهاتوون، به‌ڵام هێزه سه‌ره‌كییه‌كه یه‌په‌گه‌یه و توركیا وه‌ك رێكخراوێكی "تیرۆریستی" و سه‌ر به پارتی كرێكارانی كوردستان ته‌ماشایان ده‌كات.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه: "هێزه‌كانی توركیا رۆژی شه‌ممه له‌سه‌ر سنووری سووریا كۆبوونه‌وه و فه‌وجێك بینراوه له 100 زرێپۆش و تانك و راجیمه و چه‌كی جۆراوجۆر پێكهاتوون و به‌ره‌و ناوچه‌ی كیلیس له سنووری توركیا ده‌ڕۆن و به كرده‌یش به‌شێكیان چوونه‌ته نزیك ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و میلیشیانه‌ی سووریا كه توركیا پاڵپشتیان ده‌كات.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه بریتانییه‌كه، ئه‌و ھێزانه ته‌نها 50 كیلۆمه‌تر له شاری منبج دوورن كه له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه كوردییه‌كاندایه و چه‌ندینجار ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ڵێنیداوه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت. چه‌ندین جاریش هێزه‌كانی توركیا به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه هه‌ر دووكیان ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ"ـن به‌و ناوچانه‌دا سووڕاونه‌ته‌وه.
تایمز نوسیوویه‌تی: "فه‌وجێكی دیكه‌ی سه‌ربازی له پارێزگای رحا له دیوی توركیا و له سنووری سووریا مۆڵیان خواردووه و رووبه‌ڕووی ھێزه‌كانی یه‌په‌گه و سووریای دیموكراتی له ناوچه‌كانی كۆبانێ راوهستاوون.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه: "یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئێران له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپیش پێچه‌وانه‌ی واقیع و ئه‌و قسانه بوو كه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی تویته‌ره‌وه كردی و گووتی: "ئێران و رووسیا و توركیا خۆشحاڵ نیین به بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، چونكه گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به روونی گووتی: "بوونی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له سووریا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵه بووه‌و سه‌رچاوه‌ی گرژی و ناسه‌قامگیریی بووه له ناوچه‌كه‌دا".
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شكراوه، كۆشكی سپی هیچ خشته‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سووریا رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام تره‌مپ گووتی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌كه به هێواشی و به هه‌مانگی ته‌واو به‌ڕێوه‌ده‌برێت".