به ڤیدیۆ.. وێنه‌ی سه‌ددام حوسێن له زانكۆی ئه‌نبار به‌رز ده‌كرێته‌وه
مشتومڕی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
وێنه‌ی سه‌ددام حوسێن، دیكتاتۆری له سێداره‌دراوی عێراق، له زانكۆی ئه‌نباری رۆژئاوای عێراق به‌رز ده‌كرێته‌وه و نیگه‌رانی داموده‌زگا حكوومییه‌كانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، كوتله‌ی سادیقوونیش له‌سه‌ر رووداوه‌كه هاته ده‌نگ.
نه‌عیم عه‌بودی، گوته‌بێژی كوتله‌ی سادیقوون، باڵی سیاسی میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018، له باره‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی سه‌ددام رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی روویداوه، كارێكی "ناشیرینه و هه‌ستی عێراقییه‌كانی برینداركردووه".
زانكۆی ئه‌نباریش له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئیدانه‌ی ئه‌و كاره ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانی ئه‌نجامده‌رانی ده‌كات، جا چ قوتابی یان مامۆستایانی زانكۆكه بن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆكه، كه رۆژی دووشه‌ممه، 24ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه، وێنه‌ی سه‌ددام له ئاهه‌نگێكی یه‌كێك له كۆلێژه‌كان بووه و دووپاتیش له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ته‌واوی رێكاره پێویسته‌كان له دژی ئه‌نجامده‌ران ده‌گرنه‌به‌ر.
گرته‌ی ڤیدیۆیی به‌رزكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی سه‌ددام له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه و مشتومڕێكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه، به‌تایبه‌تیش له نێوان به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له هه‌ردوو پێكهاته‌ی سووننه و شیعه له عێراق.
سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی ئه‌نبار ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، وێنه‌كێشه‌كه، قوتابی زانكۆ نییه، به‌ڵام راسته‌وخۆ راده‌ستی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كراوه بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست.
سه‌رچاوه: بغداد الیوم
ئ. م