گورگێك ناو دهنرێت ترەمپ
ھۆكارەكە روون دەكاتەوە
K24 - ھەولێر
لەبەر خۆشەویستیی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، جووتیارێکی ئەلبانی ناوی گورگەکەی دەنێت ترەمپ. ھوسنی دەڵێت خوا بەهرەی ئەوەی پێداوە تا بە دەستی خۆی گورگ بگرێت. دەشڵێت لەبەر ئەوەی گەل و نەتەوە و سەرۆکی ئەمەریکا زۆر یارمەتیی کۆسۆڤۆیان داوە، ئەویش گورگە هەرە خۆشەویستەکەی بەناوی ترەمپ کردووە.
ترەمپ بەددانەکانی هەوڵی قرتاندنی گوریسی پلاستیکی دەدات، بەڵام لەگەڵ دەنگێك هەموو شتێکی لەبیر دەچێتەوە و باوەش بە خاوەنەکەیدا دەکات.
ترەمپ ناوی یەکێك لەو چوار گورگەیە کە ھوسنی لەگەڵ کۆمەڵێک باڵندە لە سەر کێڵگەکەی تایبەت بە خۆی لە شاری ئۆسێك هایل بەخێویان دەکات.
هوسنی رێنای، خاوەنی ترەمپ دەڵێ: "حەز لە بەخێوكردنی گورگ دەکەم، ژمارەیەك گورگم بۆخۆم گرتووە. هەندێکیشیانم کڕیووە. چوار گورگم بە دەستی خۆم راو کردووە، چونکە لەلایەن خواوە بەهرەی ئەوەم پێدراوە تا گورگ بگرم بێ ئەوەی هێرشم بکەنە سەر. هەمیشە خەونم بەوە دەبینی، ببمە خاوەنی گورگ و ئێستا لە ماڵی خۆم گورگم هەیە. خۆشم دەوێن و ئەوانیش هەر کارێکم بۆ دەکەن".
هوسنی جووتیارێکی موسوڵمانی ئەلبانییە لە کۆسۆڤۆ، وڵاتێك کە بەهەوڵی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2008ەوە سەربەخۆیی خۆی لە سڕبیا راگەیاند. هوسنی ویستوویەتیی خۆشەویستیی خۆی بۆ گەل و وڵات و سەرۆکی ئەمەریکا دەرببرێت، هەر بۆیەش پاشناوەی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا واتە داناڵد ترەمپی لەسەر گورگە هەرە خۆشەویستەکەی داناوە.
لەوبارەوە دەڵێت: "ناوی ترەمپم لەسەر ئەم گورگە داناوە چونکە ئەمەریکا زۆر پشتیوانی لە ئێمە کردووە. ئەم گورگەش زۆر تایبەتە و لە ترەمپ دەچێت. هەندێک تایبەتمەندیی هاوشێوەیان هەیە. گورگێکی زۆر جوانە".
لەساڵی 1998 حکوومەتی سڕبیا هەوڵی سەرکوتکردنی جودایخوازانی ئەڵبانی دا و دوای ساڵێک خوێنڕێژی و هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا شەڕەکە راوەستا. لە ساڵی 2008یشدا کۆسۆڤۆ یەکلایەنە سەربەخۆیی راگەیاند و ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دانیان پێدا نا، بەڵام سڕبیا دانی پێدا نەنا.
سەرۆکی ئەمریکا دناڵد ترەمپیش نامەی بۆ سەرکردەکانی کۆسۆڤۆ و سڕبیا ناردووە و داوای لێ کردووە لە کۆشکی سۆی رێكکەوتننامەیەکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ناسەقامگیریی هەرێمی باڵکان بێنن. بەڵام سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتە بەرادەی ترەمپ گەشبین نین بەوەی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی ھێندە ئاسان بێت.
ھ.م