هه‌سه‌ده ده‌یه‌وێت رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ مۆسكۆ و دیمه‌شق بكات
فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده ورده‌كارییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، مه‌زڵوم كۆبانی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" ئاشكرایكرد، هه‌وڵه‌كانیان بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ رووسیا و حكوومه‌تی سووریا چڕكردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه پڕ بكه‌نه‌وه كه له ئه‌نجامی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه درووست ده‌بێت.
كۆبانی له‌و دیداره‌یدا رایگه‌یاند، "بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا پێشبینیكراو نه‌بوو".
هه‌روه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، "تا چه‌ند رۆژێكیش به‌ر له ئێستا ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێمه دووپاتی ده‌كرده‌وه كه پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی ده‌بێت، ئێمه‌ش له به‌رامبه‌ردا پابه‌ندی سه‌رجه‌م بهڵینهكانمان بووین".
فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ ئێمه‌ی تووشی شۆك كرد، ئێمه هه‌رگیز بۆ ئه‌گه‌رێكی له‌م جۆره ئاماده نه‌بووین".
هه‌روه‌ها گوتی: "نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ، جێمس جێفری، نێردراوی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریا سه‌ردانی ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فوراتی كردبوو و دووپاتیكرده‌وه، تا كۆتایی به‌داعش نه‌هێندرێت و ئێران سووریا جێنه‌هێڵێت و چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ دۆخی سووریا نه‌دۆزرێته‌وه، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته ناكشێنه‌وه".
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێكردنی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا به فه‌رمی راگه‌یاند، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ خشته‌یه‌كی كاتی بۆ كشانه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌كانی دیاری بكات. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له‌كاتێكدا ئه‌و بڕیاره‌ی داوه، كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سووریا له داعش پاككراوه‌ته‌وه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، توركیا هه‌وڵ ده‌دات هێزه‌كانی له‌و شوێنانه جێگیر بكات كه سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییه‌كان لێی ده‌كشێنه‌وه.
H.B