خۆبەخشێكی خورماتوو تووشی نەخۆشی دەبێت و لە "كەلاوە" دەژیت
عاسیە ریش سپیەکەی خورماتوو بەشداری لە زۆربەی شەڕەكانی دژی داعش كردووە
K24 - سلێمانی
عاسی قەواڵی، ناسراو بە عاسیە ریش سپیەکەی خورماتوو، دوای بەشداری لە زۆرینەی شەڕەکانی داعش و حەشد تەقاندنەوەی ماڵەکەی و ئاوارەبوونی، لەژیانی ئاوارەیدا تووشی نەخۆشی گەدە دەبێت و نەخۆشخانە دەبێتە ماڵی دووەمی، ئەو پیرە پیاوە سەرباری تێچکوونی باری تەندروستی، بەڵام لە خەمی ئاوارەبوونی ھاوشەڕەکانێتی و ئامادەنییە بگەڕێتەوە تا ئەوکاتەی پێشمەرگە ئەمنیەتی خورماتوو نەگرێتە ئەستۆ.
پیرە پیاوە ریش سپیەکەی خورماتوو، کە رۆژگارێك سیمبولی بەرخۆدان بوو، کەچی دوای ئاوارەیی و نیشتەجێبوونی لە کونجێکی ناوچەی داودە، سەرما و سۆڵەی زستان تووشی نەخۆشی گەدەی دەکات و نەخۆشخانە دەبێتە ماڵی دووەمی.
عاسی قەواڵی کە بە مامە عاسیە ریش سپیەکە، خەڵکی دەیناسنەوە بەشداری زۆرینەی شەڕەکانی داعش و حەشدی شەعبی کردووە، ئێستا کە دووچاری نەخۆشی بووە، بۆ چرکەیەکیش نەگەڕاوەتەوە بۆ شارەکەی و دەڵێ "ژێر دەستەییم پێ قبووڵ ناكرێت، بۆیە ناگەڕێمەوە خورماتوو".
لەبارەی نەخۆشییەكەیەوە عاسی قەواڵی، بە كوردستان24 گوت: "لە سەرما تووشی نەخۆشی گەدە بووم".
ئەو سەرەڕای نەخۆشی خۆی ھێشتا لە خەمی گوزەرانی ئاوارەكانی دیكەیە و بە چاوی بە فرمێسكەوە گوتی: "ھیوادارم حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاوڕ لە ئاوارەكان بداتەوە، چونكە ئاوارەكانی شارەكەم لەبارودۆخێكی خراپدان".
حەشدی شەعبی دوای چەند رۆژێك لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر خانووەکەی مام عاسی تەختی زەوی كرد، ھەر لەو کاتەوە منداڵەکانی لە خوێندن دادەبڕێن و خۆشی بێ ئیشوکار ئەمینێتەوە و کاتەکانی لەگەڵ چیاو دەشتایەکانی ناوچەکە بەڕێ دەکات.
گەر کات بەخێرایی بەلای خەڵكی دیكە تێپەڕێت، ئەوە بۆ عاسی قەواڵی پێچەوانەیە، چونکە تەواوی کاتەکانی بە بیرکردنەوە لە ئاوارەکان و خەمی خەڵکی دەگوزەرێنێت، کوڕەکەشی سەری سوڕماوە لەوەی باوکی لەماوەی تەنھا ساڵ و نیوێکی ئاوارەیی گورج و گوڵیەکەی پێشووی لەدەستدا.
ھەڵۆ عاسی، كوڕە عاسی قەواڵی دەڵێت: "لەو كاتەی لە خورماتوو ئاوارەبووین باوكم ھەر رۆژە و لە ناوچەیەكە ئێستا لە كەلاوەیەك ژیان بەسەر دەبات، لە خەم و بیركردنەوە تووشی نەخۆشی بووە".
ھەر شەڕێك بەرۆکی خورماتووی بگرتایە، پیاوێکی ریش سپیی لەگەڵ ھەردوو کوڕەکەی خۆیان پڕچەك دەکرد و دەچوونە سەنگەری بەرگری، بێ ئەوەی بیر لە مردنێك بکەنەوە کە نەزانن چ ساتێك بەرۆکیان دەگرێت، ئەوەش ھەر زوو ناو ناوبانگی عاسیی بەنێو خەڵکی بڵاوبوویەوە، لە دوایین ساتەکانی ماڵئاوایشی لە شوێنی لە دایکبوونی ھەواڵی شەھید بوونی ھاوڕێیەکی پێ رادەگەیەنن و ئەویش خۆی پێناگیرێت و دەچێتە سەر شوێنی شەھید بوونەکەی و ئاڵای حەشد ھەڵدەداتە خوارەوە.
ھ.م