بێرنارد ھێنری لیڤی ھێرش دەكاتە سەر ترەمپ
"بڕیارەكەی ترەمپ ناوچەكە بەرەو ناسەقامگیری دەبات"
K24 - ھەولێر
بێرنارد ھێنری لیڤی، فەیلەسووف و بیرمەندی فەرەنسی کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا بە خیانەت لە کورد ناودەبات و رایدەگەیەنێت "ئەمریکا ناوچەکەی لەسەر سینیەکی زیوی پێشکەشی ئێران و رووسیا و تورکیا کردووە".
بێرنارد ھێنری لیڤی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی زەئەلگەماینەری ئەمەریکی دەڵێ: "بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا کارەساتە و ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیری دەبات".
ھێنری لە بارەی کوردەوە دەڵێ: "کورد باشترین و ئازاترین ھێزبوون لەشەڕی دژی داعش، بە کشانەوەی ئەمەریکاش کورد دەکەونە بەر ھەڕەشەی تورکیا و ئەگەری ئەوە ھەیە کورد جینۆساید بکرێت".
ئەو بیرمەندە فەرەنسیە بڕیارەکەی ترەمپ بە شەرم و تاوانی ئەخلاقی ناودەبات و پێیوایە ئەمەریکا بەو بڕیارەی، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەسەر سینیەکی زیوی پێشکەشی ئێران، روسیا و تورکیا دەکات.
ئەو گوتانەی ھێنری دوای ئەوەدێ كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاریداوە ھێزەكانی لە رۆژئاوای كورستان و سووریا بكشێنێتەوە، ژمارەیەك لە چاودێرانی سیاسیش ئەو بڕیارە بە مەترسی دەزانن و پێیانوایە دوای كشانەوەی ئەمەریكا توركیا ھێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانە.