ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر بوونی هێزه‌كانی توركیا له رۆژئاوای كوردستان هاته ده‌نگ
په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا: شه‌رمه‌زارییه بۆ حكوومه‌ته‌كه‌مان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ نیازه‌كانی توركیا نه‌كات
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵده‌ری "دی بی ئای"ـی ئه‌ڵمانی، له راپۆرتێكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیادا، كه له‌سه‌ر راسپارده‌ی فراكسیۆنی حزبی چه‌پڕه‌وی ئه‌و وڵاته ئاماده‌كراوه، جه‌خت كراوه‌ته‌وه، "بوونی هێزه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له عه‌فرین و ناوچه‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوای كوردستان و شاره‌كانی ئه‌عزاز، باب و جه‌رابلس له باكووری سووریا به هه‌موو پێوه‌رێك داگیركاری سه‌ربازییه".
"سیفیم داجدلین"، سه‌رۆكی فراكسیۆنی حزبی چه‌پڕه‌وی ئه‌ڵمانی له‌باره‌ی ئه‌و راپۆرته‌ی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته ئه‌و راپۆرته بكرێته چاوساغێك بۆ به‌خه‌به‌رهێنانه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "شه‌رمه‌زارییه به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و پێوانه‌كردن بۆ داگیركردنی چه‌ند به‌شێكی سووریا له‌لایه‌ن توركیاوه نه‌كه‌ین، له‌كاتێكدا توركیا ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی ناتۆیه، سه‌رجه‌م كوتله‌كانی په‌رله‌مان له‌و باوه‌ڕه‌دان، له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا به هه‌موو پێوه‌رێك پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشی: "هه‌رچه‌نده لێره و له‌وێ گوێبیستی لێدوانه‌كانی ده‌سه‌لاتدارانی توركیا ده‌بین، كه جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، هیچ نیازێكیان بۆ مانه‌وه له‌ناو خاكی سووریا نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له واقعدا روو ده‌كات پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لێدوان و بانگه‌شانه‌یه، به‌تایبه‌ت كه توركیا ده‌ستی به گواستنه‌وه‌ی دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كانی و فه‌رمانبه‌رانی تورك كردووه بۆ ئه‌و شاره كوردیانه‌ی له‌میانه‌ی كرده سه‌ربازییه‌كانی "قه‌ڵغانی فورات و چڵه زه‌یتوون" له رۆژئاوای كوردستان داگیری كردوون".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئه‌ڵمانییه دووپاتیكرده‌وه، "به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا توركیا روخساری داگیركاری كۆنی به‌و ره‌فتارانه نوێ كردووه‌ته‌وه و به ئاشكرا ده‌ستیان به‌سه‌ر خانوو و ماڵی هاووڵاتیانی كورددا گرتووه و ناوی چه‌ندین شه‌قام و شوێنی كوردی‌یان بۆ ناوی توركی گۆڕیوه و مامه‌ڵه‌كردن به دراوی توركییان به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا سه‌پاندووه".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، كه به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵۆی توركی، له مانگی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، 3 ملیۆن و 600 هه‌زار په‌رتووك كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیاوه به زمانی توركی چاپكراون، گوازراونه‌ته‌وه رۆژئاوای كوردستان و به‌سه‌ر قوتابخانه‌كاندا دابه‌شكراون.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، هه‌ر ئه‌مڕۆ به زمانێكی توند و بێ پێشینه، ئیبراهیم كاڵن، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا هه‌ڕه‌شه‌ى له حكوومه‌تی سووریا كرد و, دووپاتیكرده‌وه: "ئه‌گه‌ر هێرش بكه‌نه سه‌ر ئه‌و سه‌ربازه توركانه‌ی له خاڵه‌كانی چاودێرین له پارێزگای ئیدلب، دنیاتان به‌سه‌ردا ده‌ڕوخێنین".
كاڵن گوتی: "هێزه‌كانی سه‌ر به حكوومه‌تی سووریا، بوێری ئه‌وه‌یان نییه هێرش بكه‌نه‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی سوپای توركیا كه له خاڵه‌كانی چاودێری پارێزگای ئیدلبن، ئه‌وان ده‌زانن ئه‌گه‌ر یه‌ك هه‌نگاو بۆ ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر هێزه‌كانمان بنێن، دنیایان به‌سه‌ردا ده‌ڕوخێنین".
له‌باره‌ی بوونی هێزه‌كانی توركیا له پارێزگای ئیدلبی سووریا گووتی: "له راستیدا ئێمه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران رێككه‌وتنمان هه‌یه، هه‌ر سێ وڵاتی ده‌سته‌به‌ری ئاشتی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، ئه‌وان ده‌ڵێن گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا ته‌واو كردووه، 12 خاڵی چاودێری به هه‌موو پێویستییهكانییهوه له‌لایه‌ن سهربازهكانمانهوه به‌ڕێوه‌ده‌برێن و پاڵپشتی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌كه‌ن به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك".
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێكردنی كشاندنه‌وه‌ی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا راگه‌یاند، هێزه‌كانی سوپای توركیا له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان ده‌ستی به‌جووڵه كردووه و، رۆژانه هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه ده‌كات، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بانگه‌شه بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌ی سه‌ربازی له رۆژهه‌ڵاتی فورات و شاره كوردییه‌كان ده‌كات.
H.B