رێبوار تاڵەبانی: 60 ساڵیش دەستگیر بكرێم ھەڵوێستەكانم ناگۆڕم
"ھەندێك خەڵك لە حكوومەتی عێراق بە ئەجندای دەرەكی كاردەكەن"
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی دوێنی دادگای تێههڵچوونهوهی كهركووك، فهرمانی دهستگیركردن و بهندكردنی شهش مانگی بۆ رێبوار تاڵهبانی، سهرۆكی ئهنجوومهنی پارێزگای كهركووك به وهكالهت دهركرد، رێبوار تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەو بڕیارەی بە بڕیارێكی سیاسی ناوبرد و رایگەیاند "ئەو بڕیارە تۆڵە سەندنەوە لە بەرامبەر ھەڵوێستەكانمان و ئەگەر 60 ساڵیش زیندانی بكرێم ھەڵوێستەكانم ناگۆڕم".
رێبوار تاڵەبانی گوتی: "كاتێك لە 16 ئۆكتۆبەر كەركووك بە بارودۆخێكی نا دەستووری نا یاسایی تێدەپەڕی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەوەم راگەیاندووە، بە یاداشێك داوام لە ھەرسێ سەرۆكایەتی عێراق كرد بە زووترین كات چارەسەری ئەو دۆخە بكەن، مادەی 9ی دەستووری عێراق رێگەی نەداوە بە ھیچ حكوومەتێك سوپا بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بەكاربێنێ".
گوتیشی: "ھەڵوێستێكی دیكەمان لەسەر ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان بوو، كە وەك ئاڵای عێراق ئاڵایەكی دەستوورییە. ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەنگی لەسەر داوە كە دەبێ ئاڵای كوردستان وەك ئاڵای عێراق پێكەوە لەسەر فەرمانگەكانی ھەڵبكرێت. 86% خەڵكی كەركووك دەنگیان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان داوە لە ھەموو پێكھاتەكان".
رێبوار تاڵەبانی گوتی: "لەسەر ئەو ھەڵوێستانەمان ھەندێك خەڵك لە حكوومەتی عێراق بە ئەجندای دەرەكی كاردەكەن، بەشێك لایەنی سیاسی لە كەركووك نایانەوێت من وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بمێنمەوە، چونكە من شەرعیەت بەو بارودۆخەی كەركووك نادەم، ئەگەر بگەڕێمەوە كەركووك ئەوە دەگەیەنێت كە شەرعیەت بە 16 ئۆكتۆبەر دەدەم، ئەگەر شەرعیەت بە 16 ئۆكتۆبەر بدەم ئەوا شەرعیەت بە ئەنفال و كیمیاباران كردنی ھەڵەبجە و ھەشت ھەزار بارزانی دەدەم، بۆیە خەیاڵیان خاوە من بەو شێوازە بگەڕێمەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوەی دەكرێت دژایەتی كردنی دەستوور و یاسای عێراقە و ھەموو ھەوڵێك دەدەین، بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو بڕیارە".
ئاشكراشی كرد: "تائێستا 30 بەڕێوەبەری كورد لە كەركووك دەركراون، ھیچ لایەنێكی كوردی و عەرەبی و توركمانی ھەڵوێستیان نەبووە، سەدام حوسێن پێشتر ھەمان كردەوەی كردووە و پارێزگاری ئێستای كەركووك ھاتووە ئەو كردەوانەی بەعس دووبارە دەكاتەوە، دەبێ ئەو پارێزگارە بدرێتە دادگا".
رێبوار تاڵەبانی باسی لەوەشكرد: "جاران تۆڕی گەورە نەوتی كەركووكی دەدزی، ئێستا خەڵك ھەیە بە پلەی ئەفسەر نەوتی كەركووك دەدزێت، بۆ داواكاری گشتی بێدەنگە، كەچی ھەمووكات بڕیاری دەستگیركردن بۆ من دەر دەكەن، ئەگەر 60 ساڵیش دەستگیر بكرێم ھەڵوێستەكانم ناگۆڕم".
ھ.م