حه‌بیب نورمحه‌مه‌دۆڤ و مه‌كگریگه‌ر یارییه‌كی دیكه ده‌كه‌ن
ورچه رووسییه‌كه تا ئێستا نیوه‌ی پاره‌ی یاری یه‌كه‌می وه‌رنه‌گرتووه
K24 - هه‌ولێر:
هه‌وادارانی هونه‌ره جه‌نگییه تێكه‌ڵاوه‌كان، به تاسه‌وه چاوه‌ڕێی ئه‌نجامدانی یارییه‌كی دیكه‌ن له نێوان حه‌بیب نورمحه‌مه‌دۆڤی رووسی و مه‌كگریگه‌ری ئێرلاندی، دوای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی رابردوو، یاری نێوانییان پاڵه‌وانه رووسییه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلای كرده‌وه.
ئێستا جارێكی دیكه، بیرۆكه‌ی ئه‌نجامدانی یارییه‌كی دیكه هاتووه‌ته ئارا، به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانیش داوایه‌كی له‌و جۆره ئاراسته‌ی نورمحه‌مه‌دۆڤ كراوه و پاڵه‌وانه رووسییه‌كه‌ش داواكه‌ی قه‌بووڵه، به‌ڵام داوای پاره‌یه‌كی زۆر زیاتر ده‌كات.
باوكی نورمحه‌مه‌دۆڤ رایگه‌یاندووه، پێشنیازیان بۆ كراوه ئه‌و دوو پاڵه‌وانه یاریی دووه‌م ئه‌نجامبده‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 15 ملیۆن دۆلار به براوه‌ی یارییه‌كه ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وان داوای دوو هێنده‌یان كردووه و ده‌ڵێن 30 ملیۆن دۆلار بێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پاڵه‌وانی دیكه هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی نورمحه‌مه‌دۆڤ ببنه‌وه، وه‌كو داستن بواریێ و تۆنی فێرگسن، ئه‌وان شایسته‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ن".
هه‌ریه‌ك له نورمحه‌مه‌دۆڤ و مه‌كگریگه‌ر، چاوه‌ڕوانی 29ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2019 ده‌كه‌ن، كه تێیدا سزاكانییان راده‌گه‌یه‌نرێت، به‌هۆی ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی له دوای ئه‌نجامدانی یارییه‌كه‌یان له نیڤادای ئه‌مه‌ریكا، له تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2018 درووستبوو.
حه‌بیب نورمحه‌مه‌دۆڤ، كه له پاڵه‌وانێتی كێشی سووك 27 یاری ئه‌نجامداوه و هه‌موویانی بردووه‌ته‌وه، تا ئێستاش چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی نیوه‌ی پاره‌ی خه‌ڵاتی یارییه براوه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌كگریگه‌ر، كه له‌لایه‌ن كارگێڕی UFC ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه و بڕه‌كه‌ی 750 هه‌زار دۆلاره.
ئ. م