داعش 20 ھاووڵاتی كورد و عەرەبی رفاند

"بۆ پاراستنی ناوچەكە دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە"

K24 - گەرمیان

چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری خورماتوو و حه‌ویجه‌ جموجووڵیان زیاتر بووه‌ و ته‌نیا له‌ دوو رۆژدا چوار هاووڵاتی كورد و 16 عه‌ره‌بیان رفاندووه‌، جیا له هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر گوندنیشیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی خۆراك و پێداویستییه‌كانیان. فەرماندەیەكی پێشمەرگەش، ھێزەكانی عێراق به‌بێ توانا ناو ده‌بات و ده‌ڵێ "توانای پاراستنی ناوچەكەیان نییە و بوونەتە رێگریش لەبەردەم گه‌ڕانه‌وه‌ی ھێزی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی وه‌ك پێشتر و بەبێ جیاوازی سەر و ماڵی ھاووڵاتییان بپارێزێت".

مه‌لا کریم، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خورماتوو بە كوردستان24 راگەیاند: "سوپای عێراق ئەوەندە ھێزی نییە كە بتوانێ شوێنی ھێزی پێشمەرگە پڕ بكەنەوە و دانیشتووانی ناوچەكە بپارێزن، بۆ پاراستنی خەڵكی ناوچەكە دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە، ئەمەش بەوە دەكرێت كورد نێوماڵی خۆی رێكخات و فشار بخاتەسەر حكوومەتی عێراق".

فەرماندەکانی پێشمەرگە، زیادبوونی جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش لە سنووری که‌رکووك و دیالە و زنجیرە چیای حه‌مرین بۆ لاوازی هێزەكانی عێراق دەگەڕێنەوە، بەپرسی میحوەری قەرەتەپە - حه‌مرین، بۆ کوردستان24 باس له‌ جموجووڵه‌كانی داعش لەو‌ سنووره‌ ‌ده‌كات.

مه‌ردان ساڵح، بەپرسی میحوەری قەرەتەپە - حه‌مرین بە كوردستان24 گوت: "بەھۆی فەرامۆشكردنی ناوچە كوردسانییەكان لەلایەن ھێزەكانی عێراقەوە، ئێستا داعش دەستیان بە جمووجۆڵ كردووەتەوە، دەتوانم بڵێم لە زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك چەكدارانی داعش بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش ھەموو لە بێ توانایی و بێ سەلیقەیی ھێزەكانی عێراقە، لە ھەمانكاتدا بێ زانیاریی ھەواڵگری عێراق دەردەخات".

ھ.م