ئهستێرهكهی هۆلیوود بهرهو سیاسهت دهكشێ
"لە 20 ساڵی رابردوو هاتنە ناو سیاسەتم بە تەواوی رەتکردووەتەوە، بەڵام ئێستا لە هەر کوێ پێویستیان پێم بێت ئامادە دەبم".
K24 - ههولێر:
ئەنجێلینا جۆلی، ئەکتەری بە ناوبانگی هۆلیوود، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رادیۆی "بی بی سی" بەریتانی، ئاشكرای كر، بەنیازە لە داهاتوودا بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکات.
ئەو ئەستێرەیەی هۆلیوود، لە بەرنامەی "Today" رادیۆ بی بی سی گوتی: "لە 20 ساڵی رابردوو هاتنە ناو سیاسەتم بە تەواوی رەتکردووەتەوە، بەڵام ئێستا لە هەر کوێ پێویستیان پێم بێت ئامادە دەبم".
جۆلی لە ئێستادا باڵیۆزی کاری پەنابەرانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها لە بواری ژینگەپارێزی و بابەتی پەیوەندیدار بە پەنابەران و قوربانیانی توندوتیژی سێکسی چالاکی هەیە.
ئەم ئەکتەرە بە ناوبانگە لە وەڵامی پرسیاری بی بی سی لە بارەی ئەگەری هاتنە ناو کاروباری سیاسەت گوتیشی: "جارێ باشتر وایە لەمبارەیە بێدەنگ بمێنمەوە"، بە پێكەنینەوەش دەڵێت: "هەمووجار باسی ئەوەم کردووە لە هەرشوێنێک پێویستیان بە من بێت دەڕۆم، هەرچەندە نازانم کەسێکی باشم بۆ سیاسەت یان نا، بەڵام هەموو جار بە گاڵتە گوتومە کەس نازانێت چیم لە هەگبەدایە".
ئەنجیلینا جۆلی دەشڵێت: "ئەگەر لەگەڵ حکوومەت کار بکەم، لەگەڵ هێزە سەربازییەکانیش دەتوانم کار بکەم، لە شوێنێ باشدام و دەتوانم زۆر کاریتریش ئەنجام بدەم بەبێ ئەوەی پلە و پۆستم هەبێت یان ئەو کارە پەیوەندی بە من و سیاسەتەکانمەوە بێت".
بێژەری بی بی سی پرسیاری ئەوەشی لێكرد کە نزیکەی 30 یان 40 کەس لە لیستی كاندیدانی حزبی دیموکراتی ئەمەریكان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری داهاتوو و من ناوی تۆ لەم لیستە دادەنێم لە وەڵامدا جۆلی رەتینەكردەوە و تەنها گوتی: "دەست خۆش".
جۆلی باسی لە سەختی چاودێریکردنی منداڵەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسکرد و تیشکی خستە سەر ئەوەش، كە وەکو زۆربەی دایکان و باوکان ناتوانێت هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات.
باسی لەوەش کرد هیچکام لە منداڵەکانی بەشداریان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك نەکردووە و گوتی: "ئێمە دوا خێزانین کە بەشداریمان لە فەیسبووك نەکردووە".