بێچووه‌ ورچێكی جه‌مسه‌ری كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونییان له‌سه‌ره‌ له‌دایكبوو

به‌ ڤیدیۆ.. تا به‌هار نابێت سه‌ردانیكه‌ران بیبینن

K24- هه‌ولێر:

باخچەی ئاژەڵانی بەرلین یەکەمین وێنەی بێچووه‌ ورچێكی جەمسەرییان بڵاوکردووەتەوە کە تازه‌ له‌دایكبووه‌ و تەمەنی 29 رۆژە، دایکی ئەم بێچووه‌ "تۆنجا" و باوکیشی "ڤۆلۆدیا"ی ناوە، بەڵام هێشتا هیچ ناوێکیان بۆ ئەم بێچووه‌یه‌ کە لە یەکەم رۆژی مانگی دیسەمبەر لە دایك بووە دیاری نەکردووە.

ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی باخچه‌ی ئاژه‌ڵان ده‌كه‌ن، هێشتا ناتوانن ئه‌و بێچووه‌ ورچه‌ ببینن، چونکە دەبێت ئەم خێزانه‌ ورچه‌، كه‌ له‌ سێ ئه‌ندام پێكهاتووه‌، تا وەرزی بەهار لە ژووری تایبەت بە خۆیان بمێننەوە.

لە دایکبوونی ئەم بێچووه‌، کارمەندانی ئەم باخچەیەی دڵخۆش کردووە، چونکە لە ساڵی 2011 ورچێکیان بە ناوی "نات" لە دەستداوە، لە دەستپێکی ساڵی رابردوویش "فریتز" کە ئەویش بێچووەکی تەمەن 4 مانگە بووە، بە هۆی نەخۆشی هەوکردنی جگه‌ر مردووە، له‌كاتێكدا یەکەم ورچی جەمسەری بوو کە لە 22 ساڵی رابردوو لە باخچەی ئاژەڵانی بەرلین لە دایکببوو.