ئافره‌تێك له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ی به 18 یۆرۆ ده‌فرۆشێت
"مامه‌ڵه له نرخه‌كه‌یدا هه‌یه و گۆڕینه‌وه‌ش ناكه‌م"
K24- هه‌ولێر:
چیرۆكی ئافره‌تێكی ئه‌ڵمانی كاردانه‌وه‌ی زۆر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی له تۆڕی ئینته‌رنێت بۆ فرۆشتن نمایش ده‌كات و نرخه‌كه‌شی ته‌نیا به 18 یۆرۆ دیاری ده‌كات.
رۆژنامه‌ی "زه سه‌ن"ـی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه، ئافره‌تێكی ئه‌ڵمانی پیاوه‌كه‌ی له تۆڕی ئینته‌رنێت ته‌نیا به 18 یۆرۆ بۆ فرۆشتن داناوه و گوتوویه‌تی، "به‌ده‌ست تێڕوانینه نه‌رێنییه‌كانیه‌وه گیرم خواردووه".
ئه‌و ئافره‌ته ئه‌ڵمانییه كه ته‌مه‌نی 40 ساڵه، له ورده‌كاری ریكلامه‌كه‌یدا له پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "ئیبای" ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "ماوه‌ی 7 ساڵه هاوسه‌رگیریم كردووه، به‌ڵام هیچ هه‌ستێك له‌نێوانمان نه‌ماوه كه من و هاوسه‌ره‌كه‌م وه‌ك دوو هاوبه‌شی ژیان به‌یه‌كه‌وه ببه‌ستێته‌وه".
ئافره‌ته‌كه ریكلامه‌كه‌ی به‌ناوی "پیاوێكی به‌كارهاتوو" داناوه و گوتوویه‌تی: "خانمه خۆشه‌ویسته‌كان، هه‌ر كه‌سێك گرنگی به‌و بابه‌ته بدات، ده‌مه‌وێ ده‌ستبه‌رداری مافی هاوسه‌رگرییه‌كه‌م بم بۆی و مامه‌ڵه‌ش له نرخه‌كه‌یدا هه‌یه".
هه‌وره‌ها نووسیویه‌تی: "گۆڕینه‌وه ناكه‌م و بۆ زانیاری زیاتر په‌یوه‌ندی به پۆستی ئه‌لیكترۆنییه‌وه بكه‌ن".
هه‌ر له ریكلامه‌كه‌دا ئاشكرایكردووه، "له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێك بگاته رێككه‌وتن، ده‌توانێت له جه‌ژنی سه‌ری ساڵی زاینی پیاوه‌كه‌ی وه‌ربگرێت" ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "هاوسه‌ره‌كه‌ی هیچ له‌باره‌ی ئه‌و ریكلامه‌وه نه‌زانیوه"، به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه له رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه هاوسه‌ره‌كه‌ش زانیویه‌تی.
ئه‌م بابه‌ته‌ش كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێناوه و هه‌ندێك كه‌س له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئافره‌ته‌كه ریكلامه‌كه‌ی هه‌ر بۆ خۆشی داناوه و هه‌ندێكی دیكه‌ش سه‌رزه‌نه‌شتی ده‌كه‌ن و به سووكایه‌تیكردن به مرۆڤ وه‌سفی ده‌كه‌ن.
H.B