"دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستان دەبێت"
بەھۆی لێدوانی سەركردەكان نەوت رووی لە دابەزین كردووە
K24 - سلێمانی
ماوەیەکە نرخی نەوت لە نێو بۆرسە جیھانیەکاندا دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، کەئەوەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن، وەک سەرچاوەیهكی سەرەکی داھات، مامۆستایەکی زانکۆش رایدەگەیەنێت، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسایەی کە لەنێو پەرلەمانە ھەرێمی کوردستان لە قەیرانی دارایی دەپارێزێت.
جارێكی دیكە بەھۆی بارودۆخی سیاسی و وتەی ھەندێك لە سەرکردەی وڵاتان بە تایبەت سەرۆکی ئەمەریکا، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی بە جۆرێک کە لەماوەی 18 مانگی رابردوودا بەو شێوەیە دانەبەزیووە، دابەزینی نرخی نەوتیش کاریگەری دەکاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داھاتی نەوت دەبەستن، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەی لەسەر ھەرێمی كوردستان دەبێت، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی داھاتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندی راستەوخۆی بە بەرز بوونەوەو دابەزینی نرخی نەوتەوە ھەیە، پەرلەمانتارێك دەڵێت "پێویستە بە زووی سندووقی کوردستان بۆ داھاتی نەوت و گاز دابمەزرێت".
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دابەزینی نەوت كاریگەری دەبێت لەسەر داھاتی ھەرێمی كوردستان. ھەرێمی كوردستان دوو كێشەی ھەیە، یەكەمیان دابەزینی نرخی نەوت و دووەمیان نا ئەو ناشەفافیی و لاوازیەی لە كەرتی نەوت ھەیە، كە ھەردووكیان زیانی گەورە دەگەیەنن".
پشت نەبەستن بە تاکە داھاتێك بەردەوام پێشنیازی ئابووریناسان بووە بۆ حکوومەت، مامۆستایەکی زانکۆش بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە رووبەڕووی قەیرانی دارایی نەبێتەو بە زووی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە نێو پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکرێت و گرنگی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ بدرێت.
نیھاد خالید، مامۆستای زانکۆ دەڵێ: "دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری دەبێت لەسەر ھەرێمی كوردستان، ئێستا یەك بەرمیل نەوتی ھەرێمی كوردستان بە كەمتر لە 40 دۆلار دەفرۆشرێت، بە سەرەتای قەیرانێكی دیكەی ئابووری دادەنرێت، ئەمەش كاریگەری دەبێت بۆ وەستاندنی پڕۆژەكان و دواكەوتنی مووچە".
نرخی ھەربەرمیلێك نەوتی برێنت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تا نزیکەی 87 دۆلار ھەڵکشا، بەڵام ئێستا ئەو نرخە بۆ 53 دۆلار دابەزیووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان بەکەمتر لە 10 دۆلار نەوتەکەی لە بازاڕی جیھانیدا دەفرۆشێت، بۆیە بە دابەزینی نەرخی نەوت راستەوخۆ داھاتی ھەرێمی کوردستانیش کەمدەکات.
ھ.م