ئارایشتكارێك بە شمشێر و ئاگر پرچی خانمان دەبڕێت
زیاتر لە 10 ساڵە بڕیاریداوە مەقەس بەكار نەھێنێ
K24 - ھەولێر
ئارایشگەرێکی ئیسپانی بە شمشێر و ئاگر پرچی خانمان دەبڕێت. ئالبێترتۆ وەك جەنگاوەرێکی نینجا ئەو ئامێرە بڕەر و تیژانە بەدەستبردییەکی زۆر بەکار دێنێت. بەڵام ئەو خانمانەی ئەم شمشێرانە لەسەر سەریان دەسووڕێنەوە، لەجیاتی ئەوەی خەمی گیانی خۆیان بێت، پەرۆشی ستایلی قژەکەیانن.
ئالبێترتۆ خۆی بۆ جەنگێکی رۆژانە لەگەڵ تاڵە مووەکانی خانمان ئامادە دەکات. لە تیژبوونی شمشێرەکانی دڵنیا دەبێتەوە، دەچێتە مەیدان و بە هەر دوو دەست شمشێرەکانی رادەوەشێنێ، زۆر حەز لە مەقەس ناکات. 10 ساڵ پێش لەو ئارایشتگایەی لە مەدرید بڕیاریدا لەجیاتی مەقەس، شیر و شمشێر و ئاگر بەکار بێنێت.
ئاڵبێرتۆ ئۆلمێندۆ، ئارایشگەر دەڵێ: "ئێمە بۆ خانمان دەژین. پێویستە ئەوان جوان دەرکەون. کاتێک بە شمشێر پرچەکە دەبڕین، درێژایی شمشێرەکە وا دەکات هەر دوو لای تاڵە مووەکان لەهەمان کاتدا ببڕدرێن. هەر بۆیەش دەرەنجامی کارەکەت نایاب دەبێت".
ئالبێرتۆ، زۆر شەیدای ستایلی قژی خانمانی سەدەکانی ناوەڕاست بوو هەر بۆیەش دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆری بۆی دەرکەوت ئەوکات بە خەنجەر پرچی خانمانیان بڕیووە. لەبەر ئەوەش بڕیاریدا بۆ کارەکەی خۆی ئەم ئامێرە هێرشبەرانە بەکار بێنێت. ئەوەش وای کردووە ئەو زیاتر لە ئارایشگەر لە جەنگاوەرێکی نینجا بچێت. ئەوە دەخاتەڕوو: "هەندێك نیگەرانی دەرەنجامەکەی بووم. لە بڵێسە یان شیر و شمشیرەکان هەر نەدەترسام".
ئالبێترۆ تەمەنی 54 ساڵە و 30 ساڵە کاری ئارایشگەری بۆ خانمان دەکات. هاوسەری پێشووی ئالبێترۆ لەم کارەدا یارمەتی ئەو دەدات. ئەو بەردەوام بیر لە نوێگەری دەکاتەوە و لەپلانیدایە ئەمجارە شێوازێکی نوێی قژبڕین بە بەکارهێنانی لەیزەر تاقی بکاتەوە.
ھ.م
