بۆ دۆخی كه‌ركووك داوای رێككه‌وتن له‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كرێت

"دەبێ كۆتایی بەو دۆخە بھێنرێت"

K24 - ھەولێر

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان عێراق، ھەوڵدەدات ئامادەسازی بکات، بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراق، رێککەوتنێکی نوێ لەسەر پرسی کەرکووك ئەنجامبدەن، بە رای بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر کەرکووك، لە رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەندروستترە.

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، دوای پشووەکانی سەری ساڵ، دۆخی سەربازی و ئیداری کەرکوووك، دەباتە ناو دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەش ھەموو رێکارەکانی تەواو کراوە، چونکە لیژنەکە سوورە لەسەر کۆتایھێنان بەو دۆخە نەخوازراوەی لە کەرکووك ھەیە.

یەکێتی نیشتمانی كوردستان ھەوڵدەدات دۆخی کەرکووك لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەتی  نوێ یەک پاکێج بن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەو ھەوڵەی یەکێتی رازی نییە، بۆیە بەشێك لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە باشی دەزانن چاککردنی دۆخی کەرکووك بۆ حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراق جێبھێڵدرێت و لایەنە سیاسییەکان تێکەڵی ئەو بابەتە نەبن.

 ھ.م