گرته‌ی ڤیدیۆیی نوێی گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی خاشوقچی بڵاوده‌كرێته‌وه‌

ته‌رمی خاشوقچی به‌ پێنج جانتا ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆنسوڵخانه‌

K24 – هه‌ولێر:

کەناڵێکی تەله‌ڤزیۆنی تورکیا، گرتە ڤیدیۆییه‌كی نوێی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "به‌ جانتا تەرمی جەمال خاشوقچییان له‌ناو كۆنسوڵخانه‌ی سعوویده‌ بردووه‌ته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ و بردوویانه‌ته‌ شوێنی مانەوەی سەرکۆنسوڵی سعوودیه‌ لە ئیستانبول".

گرتە ڤیدیۆییه‌كه‌ کە لە کەناڵی "A Haber"ی نزیك له‌ حکوومەتی تورکیا بڵاوبووەتەوە، باسی ئەوە دەکات لەو ڤیدیۆییانە کە لە کامێرای چاودێری دەرکەووتون، چەند پیاوێك لەگەڵ پێنج جانتا و لە دەرگەی سەرەکی دەچنە شوێنی مانەوەی سه‌ركۆنسوڵ.

شوێنی مانەوەی سەركۆنسوڵ سعوودیه‌ لەگەڵ كۆسنوڵخانه‌ی ئەم وڵاتە لە تورکیا له‌ یه‌ك نزیکە، كه‌ناڵه‌كه‌ش سوورە لە سەر ئه‌وه‌ی تەرمی جەمال خاشقوچی له‌ ناو جانتاكاندا بووە.

رۆژنامەی "سەباح"، کە ئەویش یەکێکە لە میدیاکانی نزیک له‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌دار، باسی ئەوە دەکات "تەرمی جەمال خاشقوچی لە نێو پێنج جانتا جێكراوه‌ته‌ و لە ناو مینی پاسێکی رەش دانراوە، کاتژمێر 15:09 لە رۆژی رووداوەکە بە شوێنی مانەوەی سه‌ركۆنسوڵ گواستراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیته‌رز، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم دوو میدیایە رایگه‌یاند، له‌ هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرمی سعوودیه‌ تاکو هەواڵێکی زیاتر لەم بابەتە بە دەستبهێنن، کە هیچ ئەنجامی نەبووه‌.

جه‌مال خاشقوچی، رۆژنامه‌وان و ره‌خنه‌گری سیاسه‌ته‌كانی ئێستای سعووديه‌، رۆژی 2تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2018، دوای چوونی بۆ ناو كۆنسوڵخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ ئیستانبول، بێسه‌روشوێن بوو. ئەمەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و وڵاتانی زلھێزی جیھان لەسەر ئەو پرسە ھاتنە دەنگ و داوای دیاركردنی چارەنووسی خاشقچیان له‌ حكوومه‌تی ریاز كرد.