ناتانیاهۆ له‌باره‌ی سووریا داوایه‌ك له تره‌مپ ده‌كات
تره‌مپ به ئه‌رێنی وه‌ڵامی ناتانیاهۆی داوه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل دووپاتیكرده‌وه، داوایان له دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كردووه، بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا به هێواشی جێبه‌جێ بكات، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌وان كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سووریا وه‌ك ده‌رفه‌ت ده‌بینن.
له‌مباره‌یه‌وه ماڵپه‌ڕی ده‌سته‌ی په‌خشی ئیسرائیل ناسراو به "مه‌كان" له سه‌ر زاری ناتانیاهۆ بڵاویكرده‌وه، "بڕیاری تره‌مپ بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا بۆ ئێمه ده‌رفه‌تێكی باشه"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری زیاتر له‌مباره‌یه‌وه ئاشكرا بكات.
له‌باره‌ی بوونی هێزه‌كانی ئێسرانیش له سووریا، ناتانیاهۆ گوتی: "له‌و كاته‌وه‌ی تره‌مپ ئه‌و بڕیاره‌ی داوه، هیچ گۆڕانكاریێك له ره‌فتار و جموجووڵی هێزه ئێرانییه‌كانی له سووریا رووینه‌داوه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه داوای له تره‌مپ كردووه، هێزه‌كانی به هێواشی له سووریا بكشێنێته‌وه" و، به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی هائارتسی ئیسرائیلی، "تره‌مپ به ئه‌رێنی وه‌ڵامی ناتانیاهۆی داوه‌ته‌وه".
وه‌ك ئه‌و رۆژنامه ئيسرائيلییه ئاشكرایكردووه، "ناتانیاهۆ ئاگاداری بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بووه بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا و چه‌ند دیدارێكیش له‌مباره‌یه‌وه له‌نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجامدراوه، بڕیاره ئه‌مڕۆش هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، مۆمپێیۆ و ناتانیاهۆ له به‌رازیل چاویان به‌یه‌كتر بكه‌وێت".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، دۆناڵد تره‌مپ رازی بووه بۆ ماوه‌ی 4 مانگی دیكه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا بمێننه‌وه، كه ژماره‌یان زیاتر له 2 هه‌زار سه‌ربازه. به‌گوێره‌ی به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكاش، تره‌مپ ره‌تی كردووه‌ته‌وه خشته‌یه‌كی كاتی بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌ستنیشان بكات.
H.B