ساڵی 2018 بۆ یاریزانانی ریال مەدرید شووم بوو

یاریزانانی ریال مەدرید ساڵی رابردوو 43 جار تووشی پێکان بوون

گەرچی ریال مەدرید لە ساڵی 2018 نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، بەڵام ئەو ساڵە بۆ یانە ئیسپانییەکە شووم بوو، لەبەر ئەوەنا کە لەو ساڵە ریال مەدرید زینەدین زیدان و کریستیانۆ رۆناڵدۆی لەدەست دا، بەڵکو ساڵی رابردوو مێرێنگی زۆرترین یاریزانی تووشی پێکان بوون و پەتای پێکان بەرۆکی یاریزانەکانی گرتبوو.
لە ماوەی ساڵی 2018 یاریزانانی لۆس بلانکۆس 43 جار تووشی پێکان بوون، ئەم پێکانانەش بەرۆکی 20 یاریزانی یانەکەی گرتبوو.
جگە لە تیبۆ کۆرتوا و ڤینیسیۆس جۆنیۆر و لۆکاس ڤاسکوێز هیچ یاریزانێکی دیکە نەبوو بە سەلامەتی ماڵئاوایی لە ساڵی 2018 کردبێت، جگە لەم سێ یاریزانە سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی شایانەکان بەلایەنی کەمەوە جارێک تووشی پێکان بوون و چەند رۆژێکیان لە ژووری پزیشکەکان بەسەر بردووە.
هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید بەقەدەر خیسۆس ڤاییخۆی بەرگریکاری ریال مەدرید بەدبەخت نەبوو، ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە ساڵی رابردوو چوار جار تووشی پێکانی سەخت بوو، بەمهۆیەوە 144 رۆژ لە یاریگەکان دابڕا، دانی کارڤاخال و مارسیلۆش لەو یاریزانانە بوون لە 2018 زۆرترین پێکانیان تووش بوو.
گرژبوونی ماسوڵکە لە هەموو جۆرەکانی دیکەی پێکان زیاتر بەرۆکی یاریزانەکانی ریال مەدریدی گرتبوو، 28 جار بەهۆی گرژبوونی ماسوڵکەککانیان یاریزانانی مێرێنگی لە یاریکردن دابڕان، پێکانی جوومگەکانیش لەو جۆرە پێکانانە بوون زوو زوو یەخەی مەدریدییەکانی دەگرت، 14 جار یاریزانانی یانە مەدریدییەکە بەهۆی ئەم جۆرە پێکانەوە لە یاریکردن دادەبڕان.
ریال مەدرید سبەی پێنجشەممە یەکەم یاریی خۆی لە ساڵی 2019 ئەنجام دەدا و مەدریدییەکان دەخوان ئەمساڵ جیاواز لە ساڵی 2018 ساڵێکی بێ پێکان بەڕێبکەن.