له‌ هه‌ولێر گۆڕان كۆنفرانسى نيشتمانى ده‌به‌ستێت

لە ماوەی سێ رۆژدا په‌يكه‌رى خۆی دەگۆڕێت

K24 – هه‌ولێر:

بزووتنەوەی گۆڕان بە بەشداری زیاتر لە هەزار ئەندام کۆنفرانسی نیشتمانی لە هەولێر دەبەستێت و لە ماوەی سێ رۆژدا په‌يكه‌رى خۆی دەگۆڕێت.

هێمن شێخانی، ئه‌ندامی جڤاتى نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، رايگه‌ياند، کۆنفرانسەکە ماوەیەک دوادەکەوێت و لە دوای ئەنجامدانیشی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزووتنەوەکە ئەنجامدەدرێت کە تێيدا لە رێکخەرەوە تاوەکو رایەڵەکان گۆڕانکاریی دەکرێت.

کۆنفرانسەکەی گۆڕان کە ئومێدی هەستانەوەی گۆڕانی لێدەکرێت لە هەولێر ئەنجامدەدرێت و زیاتر لە هەزار ئەندام تێيدا بەشدار دەبن، هاتنە پێشەوەی گەنج و گۆڕانکاریی و بەدەستهێنانەوەی دەنگە لەدەستچووەکان گرەوی دیاری کۆنفرانس و هەڵبژاردنی ناوخۆیین، بەڵام پێناچێت هەموویان بێنەدی چونکە وەک عومه‌ر عينايه‌تى په‌رله‌مانتارى بزووتنه‌وه‌كه‌ رايگه‌ياند، هۆكارى كه‌وتنه‌كانى گۆڕان زۆرن.

کوردستان24 زانیویەتی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمجارەدا رێگە نادرێت بەشێک لە ئەندامانی جڤات و ئۆرگانەکانی دیکە خۆیان ھەڵبژێرنەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە دوو خول لە سەرکردایەتی بزووتنەوەکەدا بوون.