پرسی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق گەرم دەكرێتەوە
ھەوڵدەدرێت عادل عەبدولمەھدی بۆ ئەم مەبەستە ببرێتە پەرلەمان
K24 - ھەولێر
لەسەر بوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەنجوومەنی نوێنەران ھەوڵ بۆ میوانداریكردنی سەرۆك وەزیران دەدات.
عەباس علێوی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی چاكسازی ئاشكرایكرد، ھەوڵێك لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ میوانداریكردنی عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیران ھەیە، لەبارەی بوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.
پێشتر عەبدولمەھدی بوونی بنكەكانی ئەمەریكای لە عێراق رەتكردەوە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار جەختی لەسەر بوونی ئەو بنكانە كردەوە و گوتەكانی سەرۆك وەزیرانیان رەتكردەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەك لەمەوبەر ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق، واژوویان كۆكردووەتەوە كە دەبێت پرسی بوونی ھێزە بیانییەكان بەتایبەتی ئەمەریكا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت و داوا لە ئەمەریكا بكرێت لە عێراق بكشێتەوە.