کارکردن لە پڕۆژەی هێڵی سێی دوکان - سلێمانی بەردەوامە

لەبارەی پڕۆژەی هێڵی سێی دوکان - سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردووە و ئامادەکاری تەواویشی بۆ کراوە و 5 لەسەدی پڕۆژەکە تەواو بووە.

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، پڕۆژەی هێڵی سێی دوکان-سلێمانی لە قۆناخی دیزاینکردن تەواو بووە و رەزامەندیشی لەسەر دراوە، ئێستا بەش بەشی پڕۆژەکە بە وردەکارییەوە دیزاینی بۆ دەکرێت. لە هەندێک شوێن کاری هەڵکەندن دەستیپێکردووە، لە هەندێک شوێنیش کۆنکرێت کراوە. ئیش و کارەکانی دانانی کەمپ و یەکلاییکردنەوەی رێڕەوی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و هێڵەکانی سەرەکی ئاو تەواو بووە کە دوو بۆڕی سەرەکین و 1400 ملیمن. هەروەها کەمپی کارکرنیش بە تەواوی دانراوە. ژمارەیەکی زۆر کارمەند و ئالیات لەوێن و لە کارکردندان. بە گشتی ئەگەر باس لە پڕۆسەکە بکرێت، سەدا 5 ی پڕۆژەکە تەواو بووە.

هەروەها لەبارەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتی، سەدا 45 ی پڕۆژەکە تەواو بووە، کارکردن تیایدا بەردەوامە، ئەگەر هیچ گرفتێکی دارایی نەیەتە پێش، بەڵێندراوە لە حەوت بۆ هەشت مانگی دیکە پڕۆژەکە تەواو بکرێت.