بە زەبری هێز بەڕێوەبەرێکی کورد لە کەرکووک لە کارەکەی دوورخرایەوە

"هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە"

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ھێزێکی سەربازیی چووە سەر بەڕەێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی کەرکوک و کەسێکی عەرەبی بە زەبری هێز لە جێگای بەڕێوەبەرە کوردەکە کە لەسەر پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو دانا.

پێشتر وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق. بڕیاری گۆڕینی بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی شاری کەرکووکی بەناوی ناسیح جابر شوانى دابوو، بەڵام دواتر چەند پەرلەمانتارێکی کورد لەگەڵ وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق کۆبوونەوە و  کارکردن بەو نووسراوە راگیرا.

بەڵام راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک رایگەیاند، کار بە نووسراوە کۆنەکە دەکەن و دەبێت بەڕێوەبەرە کوردەکە لاببرێت چونکە وەزارەت هیچ رێنمایەکی نوێی نەناردووە لەسەر راگرتنی گۆڕانکارییەکان.

دوا بە دوا ئەمەش، بەڕێوەبەرێکی نەوێی عەرەب هاوڕێ لەگەڵ چەند هێزێکی ئەمنی، هەڵیکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی کەرکووک و وەکو بەڕێوەبەری نوێی وەرزش و لاوانی کەرکووک دەستی بەکارەکانی کردووە

H.J