زیانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ منداڵان ئاشکرا کرا
توێژینەوەیەکی بەریتانی هۆشداری دەداتە دایک و باوکان
K24 – ههولێر:
کۆلێژی شاهانەی تەندروستی منداڵ لە وڵاتی بەریتانیا لە توێژینەوەیەکی ئاشکرایکردووە، دەبێت منداڵ یەک کاتژمێر پێش خەوتن لە تەواوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دوور بکەوێتەوە.
بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیە، بەکارهێنانی مۆبایل وتابلێتەکان پێش خەوتن، خەوی منداڵ تێکدەدات و ناهێڵێت بە ئاسوودەیی بنوێت.
جیا لەوەش بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ کەمتر نان بخوات و دووریش بکەوێتەوە لە دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و جووڵەی پێویست.
ئەو کۆلێژە بەریتانییە دەریخستووە، رووناکی شاشەی مۆبایل و تابلێتەکان کاریگەری لەسەر ئەو هۆرمۆنانە دروست دەکەن کە دەبنە هۆی خەولێکەوتن.
روسێل ڤینەر، سەرۆکی کۆلێژەکە بە رۆژنامەی سەنی بەریتانی گوتووە: "کاتێک ئەو تیشکە بەهێزانە بەر مێشک دەکەون، دەردانی هۆرمۆنی مێلاتۆنین کەمدەبێتەوە، بەمەش منداڵەکە زەحمەتر خەوی لێدەکەوێت".
H.J