ھێلكە بە كچێكدا دەتەقێتەوە

كچەكە خۆی رووداوەكە دەگێڕێتەوە

K24 - ھەولێر

کۆرتێنی وود کچێکی، تەمەن 19 ساڵەی لە دایكبووی وڵاتی بەریتانیایە، لەكاتی ئامادەكردنی نانی بەیانی ھێلكە بە دەموچاوی دا تەقییەوە.

کۆرتێنی گوتی: "ویستم نانی بەیانی ئامادە بكەم، هەندێك گۆشتم داناو چەند هێلکەیەکم کردە ناو قاپێك لەناو مایکرۆوەیڤ بۆ ماوەی چەند خولەکێك دانا هەر وەکو رۆژانی دیكە کە هەمووجار کردومە. پێش ئەوەی هیچ دەنگی هۆشداری مایکرۆوەیڤ بێت دەرگاکەم کردەوە، ئینجا گۆشتەکانم سەیرکرد پاشان ویستم هێلکەکان کە لە پشتەوە دامنابوو دەربهێنم کە لە ناکاو هێلکەکان تەقینەوە، زۆر ئازارم هەبوو نەمدەتوانی هیچ شتێك ببینم دەستم کرد بە هاوار کردن و بەرەو گەرماو رامکرد و ئاوی ساردم بە دەمووچاوم دا کرد و برادەرێکم لەلا بوو تەلەفۆنی بۆ فریاکەوتن کرد".

گوتیشی: "دوای ئەوەی گەیەندرامە نەخۆشخانە دکتۆرەکان پشکنینیان بۆ کردم. هەروەها دکتۆرەکانی گوتیان شتێکی زۆر مەترسیدار نییە و تەنها هەر دوو بيلبيلەى چاوی رووشاون لە زووترین کات چاک دەبێتەوە".

پاش 48 کاتژمێر کۆرتێنی توانی بە چاوی لای راست ببینێ، بەڵام هێشتا چاوەكە چەپی چاک نەبووەتەوە. دکتۆرەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەگەری ئەوەیە ھەیە ماوەیەکی زۆری پێ بچێت تاکوو چاوەكانی بە تەواوی ببینن.