جیاوازیی و نیشانە و چارەسەری سەرمابوون و هەڵامەت بزانە
چارەسەری سەرمابوون و هەڵامەت جیاوازییان هەیە
K24 – ههولێر:
ئەگەرچی هەڵامەت و سەرمابوون نیشانەکانیان لە یەک دەچێت، بەڵام دەکرێت بە ئاسانی جیایان بکەینەوە تاکو چارەسەری هەڵە هەڵنەبژێرین.
نیشانەکانی سەرمابوون:
ئەگەر کەسێک تەنها سەرمای بووبێت، نەخۆشییەکەی کاریگەری کەمتر دەبێت.
یەکەم نیشانەی سەرمابوون بریتییە لە دروستبوونی ئازاری قورگ، دوای ئەوەش کەسەکە دووچاری تەڕبوونی لووت و کەمێک هەوکردنی لوت و گوێ و قورگ دەبێتەوە.
ئەگەریش هەیە دوای چەند رۆژێک کۆکە دروست ببێت، لە منداڵانیش، زیاتر ئەگەری دروستبوونی تا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش هەیە.
ئەو کەسانەی تەنها سەرمایان بووە، نەخۆشییەکان رێگرییان لێناکات بچنە دەوام و دەتوانن بەجۆرێک زاڵ بن بەسەر نەخۆشییەکەیان.
نیشانەکانی هەڵامەت:
هەڵامەت هەمان نیشانەکانی سەرمابوونی هەیە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کاریگەری زیاتر دروست دەکات و یەک بۆ دوو هەفتەی دەوێت تا چارەسەر دەبێت.
جیا لەوەش، کەسەکە دەکرێت دووچاری تا، سەرئێشە، ئازاری جوومگەکان و تێکچوونی گەدە ببێت.
خۆپاراستن:
بۆ خۆپاراستن لە سەرمابوون، دەستت بە ئاوی گەرم بە سابوون بشۆ و لەگەڵ کەس خاولی و پەرداخ بەکارمەهێنە.
ئەگەر تازە هەست دەکەیت سەرماتبووە، لەکاتی کۆکین، کلێنس بەکاربهێنە دواتر کلێنسەکە فڕێ بدە.
بۆ خۆ پاراستن لە هەڵامەت، کاتی خەوت چاکبکە و هەوڵبدە خواردنی تەندروست بخۆیت.
ئەو کەسانەی زۆر دووچاری هەڵامەت دەبن و مەترسیان بۆ دروست دەکات، یاخود ئەوانەی تەمەنیان لە سەرو 65 ساڵە، دەتوانن کوتانی دژە هەڵامەت بەکاربهێنن.
چارەسەر سەرمابوون:
ئەگەر سەرماتبووە، ئەوا باشترە لە ماڵەوە خۆت چارەسەر بکەیت، پشوویەکی باش بدە و لە شوێنی گەرم بمێنەرەوە، هەروەها خواردنەوەی زۆر بخۆرەوە تاکو رێژەی ئاو لە لەشت کەم نەکات.
یەکێک لە باشترین چارەسەرەکان بریتییە لە خواردنەوەی شەربەتی لیمۆی گەرم تێکەڵاو بە هەنگوین.
ئاسایشە دەرمانی پزیشکیی وەربگری گەر نەخۆشییەکەت زۆر بێزارت دەکات.
چارەسەری هەڵامەت:
پشوویەکی باش بدە و دەرمانەکانی پاراسیتامۆڵ و ئایبووپرۆفێن بخۆ تاکو پلەی گەرمی لەشت بەرز نەبێتەوە.
خزمەتگوزاریی تەندروستی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، شتێکی باش نییە دەرمانی ئەنتیبایۆتیک وەرگری چونکە چاکبوونەوەکەت خێراتر ناکات.
گرنگە کەسەکە سەردانی پزیشک بکات کاتێک هەڵامەتەکەی زۆر بێزاری دەکات.
سەرچاوە: Independent
H,J