پارتی سیستمی 50 به‌ 50 له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

"ئەزموونی ساڵانی رابردوو سەلماندی كە ئەم سیستمە سەركەوتوو نەبوو"

K24- هه‌ولێر:

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، سیستمی په‌نجا به‌ په‌نجا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و گوتی: "ئه‌وه‌ی به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنه نه‌ك 50 به‌ 50".

ئه‌م قسانه‌ی میرانی له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ستیڤ ڤیگن، كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و سیلڤیای جێگره‌كه‌ی بۆ كاروباری بازرگانی هاتوون، وێڕای جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و واشنتن، ئاماژه‌ی به‌ دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیدا و گوتی: "هه‌رێمی كوردستان گرنگی زۆر به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌دات، كه‌ پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ له‌پێناو پێكهێنانی حكوومه‌تێكی نوێی به‌هێز ده‌نێت، كه‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكات"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بن".

سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمی پێكهێنانی حكوومه‌ت و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی جه‌ختی كرده‌وه‌، "دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە پڕۆسەیەكی سەركەوتووی دیموكراتی بوو، پارتی پلەی یەكەمی بە دەست هێنا، بەڵام لای پارتی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و پاراستن و سەقامگیریی و ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە پێش هەر پلە و پۆستێك یان دەستكەوتێكدایە و ڕاشیگەیاند: "لای ئێمە ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن گرینگە، بەڵام نەك بە "فیفتی بە فیفتی" لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیدا، چونكە ئەزموونی ساڵانی رابردوو سەلماندی، ئەم سیستمە سەركەوتوو نەبوو، بەڵام پارتی رەچاوی مێژوو و سەنگی یەكێتیی نیشتمانی دەكات".

لە به‌رامبه‌ریشدا ستیڤ ڤیگن، كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد و هیوای خواست بە زووترین كات حكوومەتی نوێی كوردستان پێك بهێنرێت، كە لە خزمەتی گەلی كوردستاندا بێت و گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوانمان بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان بە تایبەتى و عێراق بە گشتی".

H.B