ئەفسەرانی کورد رۆڵیان لە دامەزراندنی ئەو سوپایە هەبووە كە كوردی چەوساندەوە

98بەر لە ئێستا سوپای عێراق دامەزرا

K24 - ھەولێر

ئەفسەرانی كورد لە ساڵی 1921 رۆڵی باڵایان ھەبوو لە دروستكردنی سوپای عێراق، ژمارەیەك لەو ئەفسەرانەی كە پێشتر لە سوپای عێراق و پسپۆرانی مێژوو ھۆكاری مانەوەی ئەفسەرە كوردەكان لەنێو ریزی سوپادا بۆ نەبوونی دەوڵەتی كوردی و چەند ھۆكارێكی دیكە دەگەڕێننەوە، كە یەكێك لەو ھۆكارانە خواستی سەركردایەتی ئەوكاتی كورد بووە بە مانەوەی ئەو ئەفسەرانە لە نێو ریزی سوپادا تا لە كاتی پێویست سوودیان لێ وەرگیرێت.

ھەرچەندە 6 كانوونی دووەمی ھەموو ساڵێك، یادی دامەزراندنی سوپای عێراق دەكرێتەوە، بەڵام كورد ھەمیشە بەدەست ئەم سوپایە، تووشی زوڵم و ستەم بووەتەوە، هەروەھا لەلایەن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراقەوە بۆ بەگژداچوونەوەی نەتەوە و پێكھاتەكانی دیكەدا بەكارھاتووە، تا لەساڵانی حەفتا و ھەشتاكانی سەدەی رابردوو ئەنفال و كیماباران و سوتماككردنی بەشێكی زۆری كوردستان ئەنجامدا و دواجاریش لە 16 ئۆكتۆبەردا ھێرشیكردە سەر كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.

سوپای عێراق كە لەساڵی1921ـه‌وه‌ دامەزراوە، ئەفسەرانی كورد رۆڵێكی باڵایان لە دامەزراندنی ئەو سوپایەدا ھەبووە، له‌وانه‌ ئەمین زەكی بەگ و ماجد مستەفا و بەكر سدقی، كە پێشتر لە سوپای دەوڵەتی عوسمانیدا ئەفسەر بوون، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئارا، كە بۆچی كورد نەیتوانیوە شارەزایی و  لێھاتوویی ئەو ئەفسەرە كوردانە بۆخۆی بەكاربێنێت؟ عەمید ئەسكەندەر فەریق، فەرماندەی لیوای 3ی كۆماندۆی ھێزی پێشمەرگەی كوردستانە و یەكێكه‌ لەو ئەفسەرانەی لە ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوودا، لە ریزەكانی سوپای عێراقدا تا پلەی موقەدەم چووە، بە كوردستان24 گوت: "ھۆكاری سەرەكی كە نەتوانراوە سوود لە ئەفسەرە كوردەكان وەربگیرێت ئەوەبووە كە كوردستان دەوڵەت نەبووە، ھەروەھا زۆربەی ئەفسەرە كوردەكان شۆڕشگێڕ بوونە، بۆ نموونە بەكر سدقی كاتیك ویستویەتی بەشداری لە كۆنفرانسێك لەسەر كورد بكات لە توركیا، لەلایەن نائب عەریفێك لە مووسڵ شەھیدكرا".

بەڕای ئەو ئەفسەرانەی پێشتر لە سوپای عێراقدا بوون، ھۆكارێكی دیكەی بوونی ئەفسەرانی كورد لە ریزی سوپادا دەگەڕێتەوە بۆ خواستی سەركردایەتی ئەوكاتی كورد، كە خۆیان ویستوویانە ئەو ئەفسەرانە لەنێو سوپادا بمێننەوە و تا لەكاتی پێویست سوودیان لێوەرگیرێ،  پسپۆرێكی مێژووش نموونەیەكی زیندووی ئەو ئەفسەرانە دەگێڕێتەوە، كە رۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە خزمەتكردن بە شۆڕشەكانی كورد لە سەدەی رابردوودا.

لەوبارەوە مەحەمەد كاكە سوور، پسپۆری مێژوو پێی وایە: "بەشێك لە ئەفسەرە كوردەكانی ئەوكاتی سوپای عێراق ھاوكاری بزووتنەوەكانی كوردیان كردووە، بۆ نموونە لە راپەڕینی بارزانی لە ساڵی 1943 - 1945، خەیروڵڵا عەبدولكریم و محەمەد قودسی، دوو ئەفسەری دیكە لە ئەوان بە چوار ئەفسەرەكە ناسراون، دواتر دەڕۆن لە مھاباد بەشداری لە كۆماری كوردستان دەكەن و دواتر لە سێدارەدران".

لە سەرەتای پێكهێنانی سوپای عێراقەوە ژمارەیەک ئه‌فسه‌ری‌ كورد به‌شداربون تیایدا، هاوکات هێزی ئاسمانی عێراقی له‌ ساڵی  1931و هێزی ده‌ریاییش له‌ ساڵی 1937دا دامەزران. له‌ دوای کۆتایی هاتنی جه‌نگی عێراق- ئێران، ژماره‌ی ئه‌ندامانی سوپای عێراق گه‌یشته‌ نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن سه‌رباز، له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس و پرۆسەی ئازادی عێراق، له‌ساڵی 2003، به‌بڕیارێکی پۆل بریمه‌ر، حاکمی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق، سوپای عێراق هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و دواتر سه‌رله‌نوێ پێکهێنرایه‌وه‌.

سوپای‌ عێراق كه‌ بناغه‌كه‌ی‌ فیرقه‌ی‌ ئیمام موسای‌ كازم بوو، له‌ساڵی‌1961ەوە تا 2003، ناوه‌ ناوه‌ شه‌ڕی‌ جوڵانه‌وه‌كانی‌ رزگاریخوازی‌ كوردی‌ كردووه و بە دڕندانەترین شێوە رووبەڕووی شۆڕشەكانی كورد بووەتەوە، ئەنفال و كیماباران و سوتماككردنی بەشێكی زۆری كوردستان، لە گرنگترینی ئەو خەسڵەتانەن كە سوپای عێراق لە حەفتاكان و ھەشتاكاندا پێیدەناسرێتەوە، ھەروەھا سوپا هه‌میشه‌ دارده‌ستێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراق كورسییه‌كانی‌ خۆیانی‌ پێ‌ بپارێزن‌ و بیكه‌ن به‌گژ نەتەوە و پێكھاتەكانی دیكەدا، دواجاریش لە 16 ئۆكتۆبەردا ھێرشییان كردە سەر كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9daa0133-8ac1-4e60-b2f9-4f0c5d0550fd/010519XES.ism/manifest