گەر دەتەوێت ئاسوودە بی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەم بەکاربێنە

هۆکاری خەمۆکی خانمان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و لە جوانی خۆیان بە گومانن

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێ، رێژەی نەخۆشی خەمۆکی لە کچان زیاترە لە کوڕان، چونکە کاتێکی زیاتر لە سەر سۆشیاڵ میدیاکان بەسەر دەبەن، توندوتیژی لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت و کەمخەوییش هۆکاری سەرەکی لە گۆڕانکاریی باری دەروونی کچان و ژنانی گەنج هەیە.

ئەم توێژینەوەیە لە کۆلێژی لەندەن ئەنجامدراوە و پڕۆفیسۆر ئیوان کیلی، سەرپەرشتی کردووە، نموونەی توێژینەوەکەش 11 هەزار کچ و کوڕی تەمەن 14 ساڵان بوون، لە ئەنجامدا دەرکەوت، کچان بەراورد بە کوڕان، کاتێکی زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە سەر دەبەن و نیشانەکانی نەخۆشی خەمۆکی لە کچان پەیوەندی بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، وەکو ئینستاگرام، واتس ئەپ و فەیسبووک.

هەروەها دوو لەسەر پێنجی کچان رۆژانە 3 کاتژمێر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، لە حاڵێکدا ئەم ئامارە لە نێو کوڕان تەنها یەک لەسەر پێنجە، 10٪ی کوڕانیش هیچ کات  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار ناهێنن، لە حاڵێکدا لە نێوان کچان تەنها 4٪.

سێ لەسەر چواری کچانی تەمەن 14 ساڵان، تووشی نەخۆشی خەمۆکی بوونە و متمانەیەکی زۆر کەمیان بە خۆیان هەیە و لە 24 کاتژمێردا تەنها 7 کاتژمێر یان کەمتر دەخەون و لە رووخساریان ناڕازین.

پڕۆفیسۆر ئیوان کیلی دەڵیت: "وا دیارە کچان زیاتر لە کوڕان لایەنی جۆرواجۆری ژیانیان تێكەڵن و لە هەندێک روانگەوە ئەمە جێگەی نیگەرانی هەیە".

ئەم توێژینەوەیە ئەوە نیشان دەدات، بەراورد بە کوڕان و پیاوانی گەنج، زۆربەی کچان و ژنانی گەنج، ئازاری کێشە و بواری دەروونیان زیاترە، تەنانەت ئەو کێشانە وایان لێ دەکات روو لە خۆکوشتن یان ئازار بە جەستەی خۆیان بگەیەنن.

پڕۆفیسۆر ئیوان ئاماژە بەوەشدەکات، پەیوەندی نێوان بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و نیشانەکانی نەخۆشی خەمۆکی، لە نێوان کچان زۆر بەهێزترە لە پەیوەندی لەگەڵ کوڕان. لە نێوان کچان هەرچەند زیاتر تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بەکاربهێنن، زیاتر تووشی نەخۆشی خەمۆکێ دەبن.

سه‌رچاوه‌: یۆرۆ نیوز