شێرەکانی رافیدەین دەتوانن دەستکەوتی 2007 لە جامی ئاسیای 2019 دووبارە بکەنەوە؟
عێراق بۆ نۆیەم جار بەشداریی جامی ئاسیا دەکات
هەڵبژاردەی عێراق لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ یەکەم یاریی جامی ئاسیای 2019 بەردەوامە و کە بۆ نۆیەم جار شێرەکانی رافیدەین بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەکەن و یاریزانێکی هەڵبژاردەکەش بەڵێن دەدات خەندە بگەڕێننەوە سەر لێوی گەلی عێراق.
عێراق لە ژێر سەرپەرشتی سریکۆ کاتانیچ ئاست و ئەنجامەکانی روو لە هەڵکشانە و لە دوایین 22 یارییدا عێراق تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە، کە نزیکەی پێنج مانگە ئەو راهێنەرە سلۆڤینییە ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
سریکۆ کاتانیچ، راهێنەری سلۆڤینیا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ئیمارات رایگەیاند، ئێستا هەڵبژاردەی عێراق بووەتە هەڵبژاردەی من و ئۆردوگایەکی مەشق و راهێنانی باشمان کردووەتەوە، لەوانەیە لەوەی پێویستبوو بێت زیاتریشی خایاند بێت، من چاوەڕێی یارییەکان دەکەم بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت ئەو کەمپە چەندە سوودی هەبووە، ئێمە بە گرنگییەوە لە یاریی بەرامبەر ڤێتنام دەڕوانین و من سەرەتا گوتم هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە هەڵبژاردەیەکی بەهێز بونیاد بنێین و دڵنیاشم یاریزانەکانمان سەدا سەد تواناکانی خۆیان دەخەنە گەڕ لە یارییەکان'.
رۆژی سێشەممە لە کۆمەڵەی چوارەم عێراق بەرامبەر ڤێتنام یەکەم یاریی خۆی لە جامی ئاسیای 2019 ئەنجام دەدات، دواتریش رۆژی شەممە رووبەڕووی یەمەن دەبێتەوە کە یەکەمجارە ئەو هەڵبژاردەیە بەشداریی جامی ئاسیا دەکات، ئینجا شێرەکانی رافیدەین لە دوایین یاریی کۆمەڵەکەیان چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو رووبەڕووی ئێران دەبنەوە.
موحەمەد کاسد، گۆڵپارێزی عێراق لەبارەی هەڵبژاردەکەیانەوە دەڵێت 'ئێمە زۆر بەباشی خۆمان بۆ ئەم پاڵەوانێتییە گرنگە ئامادە کردووە و چەندان یاریی ئامادەکاریمان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بەباشی ئامادە بین، ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی یاریی ڤێتنام دەکەین و ئەم یارییە یارییەکی بەهێز دەبێت، هەروەها گوتیشی 'ئێمە دەمانەوێت دەستکەوتی ساڵی 2007 دووبارە بکەینەوە بتوانین جارێکی دیکە خەندە بگەڕێنینەوە سەر لێوی گەلی عێراق، چونکە خۆشی و شادی عێراقییەکان تەنیا تۆپی پێیە، هیوادارم ئێمە بێئومێدیان نەکەین'.
لەو 23 یاریزانەی لە جامی ئاسیای 2019 نوێنەرایەتی عێراق دەکەن، سێ یاریزانیان کوردن، ئەحمەد یاسین و رێبین سولاقا و ئوسامە رەشید کە لە دەرەوەی عێراق یاریی دەکەن، ئەو سێ یاریزانە کوردزمانەن لە ئیمارات نوێنەرایەتی کوردەکانی عێراق دەکەن.