یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی خولی پله‌یه‌كی كوردستان كۆتایی هات
ناسنامه‌ی هه‌ر 4 یانه‌كه‌ی قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرینی خوله‌كه ئاشكرا بوو
قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی كوردستان كۆتایی هات و ناسنامه‌ی هه‌ر چوار یانه‌كه‌ی قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرین كۆتایی هات.
(سۆران 0 ـ 0 كۆیه)
له یاری لوتكه و چاره‌نووسساز، سۆران و كۆیه به‌بێ گۆڵ به‌رامبه‌ربوون، یانه‌ی سۆران به‌م تاكه خاڵه‌ی له نێو خاكی خۆی به‌ده‌ستیهێنا بلیتی قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرینی خولی پله‌یه‌كی كوردستانی مسۆگه‌ر كرد، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی كۆیه له خه‌ونی گه‌یشتنی به خولی نایابی كوردستان شكستی هێنا.
(ئاشتی 0 ـ 0 سیروانی نوێ)
ئه‌م یارییه له دێربی سلێمانی به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، ئاشتی ته‌نیا له‌م وه‌رزه مانه‌وه‌ی له رێزی خولی پله‌یه‌كی كوردستان پێ‌بڕا و یانه‌ی سیروانی نوێش به فه‌رمی گه‌یشته قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرینی خوله‌كه.
(كفری 2 ـ 1 خاك)
له‌و یارییه‌دا هه‌ردوو یانه لێدانی پێناڵتیان له‌ده‌ستدا، یانه‌ی خاك له گێمی یه‌كه‌م به گۆڵێك پێشكه‌وت، پێش كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه كفری ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
له گێمی دووه‌م یانه‌ی كفری گۆڵی دووه‌م و سه‌ركه‌وتنی له یارییه‌كه تۆمار كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ماڵئاوایی له خوله‌كه كرد و بۆ خولی پله‌دووی كوردستان دابه‌زی.
(شێخان 0 ـ 3 هه‌ڵه‌بجه)
له دوایین یاری قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌ی هه‌ڵه‌بجه له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به 3 گۆڵێ بێوه‌ڵام شكستی به شێخان هێنا، سه‌ره‌ڕای ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ش هه‌ڵه‌بجه خه‌ونی گه‌یشتنی بۆ قۆناخی داهاتوو نه‌هاته دی، به‌وپێیه‌ی بۆ گه‌یشتن به قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرین له‌م یارییه‌دا هه‌ڵه‌بجه پێویستی به 4 گۆڵ بوو، به‌ڵام ته‌نیا سێ گۆڵیان كرد.
(سۆلاڤ 0 ـ 0 گاره)
ئه‌م یارییه له كه‌ركووك به‌ڕێوه‌چوو، به‌درێژایی 90 خوله‌كی یارییه‌كه هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی تۆڕی یه‌كتر بهه‌ژێنن و یارییه‌كه به ئه‌نجامێكی سپی به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، سۆلاڤ به ئاواته‌كه‌ی گه‌یشت و به‌شێوه‌یه‌كی موعجیزه مانه‌وه‌ی له خوله‌كه مسۆگه‌ر كرد، یانه‌ی گاره‌ش بلیتی قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرینی بڕی.
(ئاڵتون كۆپری 2 ـ 1 هه‌ڵو)
یانه‌ی هه‌ڵۆ هیوای گه‌یشتنی به قۆناخی داهاتوو له‌ده‌ستدا دوای ئه‌وه‌ی به 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ئاڵتون كۆپری دۆڕاند، ئاڵتون كۆپری له دابه‌زین بۆ خولی پله‌دوو رزگاری بوو.
(ئاسۆ 2 ـ 2 خانه‌قین)
ئه‌م یارییه له هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو، یارییه‌كه‌ش به 2 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، ئاسۆ به كۆكردنه‌وه‌ی 8 خاڵ مانه‌وه‌ی له خوله‌كه پێ‌بڕا، له به‌رامبه‌ر یانه‌ی خانه‌قینیش له گه‌یشتن به قۆناخی داهاتوو شكستی هێنا و به كۆكردنه‌وه‌ی 9 خاڵ وه‌رزێكی ده‌ستبه‌تاڵی تێپه‌ڕ كرد.
(رزگاری 0 ـ 4 سه‌یدسادق)
ئه‌م یارییه ناونیشانه‌كه‌ی هه‌رچییه‌ك با، هیچ له بارودۆخی هه‌ردوو یانه نه‌ده‌گۆڕا، چونكه چاره‌نووسی هه‌ردوو یانه له‌م وه‌رزه ته‌نیا مانه‌وه‌یان بوو له خوله‌كه.
سه‌یدسادق له‌م یارییه‌دا به 4 گۆڵی بێوه‌ڵام شكستی به رزگاری هێنا، به‌ڵام هاوشێوه‌ی وه‌رزی رابردوو له گه‌یشتن به خولی نایاب شكستی هێنا، له به‌رامبه‌ردا رزگاری هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه به مانه‌وه له خوله‌كه رازیبوو.
دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ، له كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م (سیروانی نوێ) و له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م (خاك و گاره) بۆ قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرینی خولی پله‌یه‌كی كوردستان سه‌ركه‌وتن، هه‌ریه‌ك له یانه‌كانی (شێخان و كفری) بۆ خولی پله‌دووی كوردستان دابه‌زین.