"ئه‌مه‌ریكا پاراستنی كورد ده‌كاته مه‌رجی سه‌ره‌كی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سووریا"
پۆ‌مپێیۆ: گرنگترین ستراتیژیه‌تی ئێمه به‌رده‌وامیدانی په‌یوه‌ندییه‌كانمانه له‌گه‌ڵ كورد
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "بلۆمبێرگ"ی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرای ده‌كات، واشنتۆن مه‌رجی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سووریا به پاراستنی كورد له‌و وڵاته‌وه به‌ستووه‌ته‌وه.
له دیدارێكی نێوان ئێیلی لیك، رۆژنامه‌وانی ستووننووسی بلۆمبێرگ له‌گه‌ڵ مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه له‌و رۆژنامه‌یه بڵاوكراوه‌ته‌وه، پۆ‌مپێیۆ جه‌خت ده‌كاته‌وه، "گرنگترین شت كه دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا به‌رده‌وام ده‌بێت، مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كورده، كه له ساڵی 2015ـه‌وه شانبه‌شانی ئه‌مه‌ریكا له دژی داعش جه‌نگاون".
ئه‌و رۆژنامه‌یه باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، "سه‌ره‌تا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له دژی كورد ده‌كرد، به‌ڵام دوای بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، هه‌موو ئه‌و پلانانه هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه".
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پۆ‌مپێیۆ له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ستووننووسه‌كه‌ی "بلۆمبێرگ" رایگه‌یاندووه، "ئه‌م مانگه گفتوگۆی چڕ و ئاست به‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌ردوغان حكوومه‌ته‌كه‌ی له ئه‌نقه‌ره بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌ڕێوه ده‌چن" و گوتیشی: "ئێمه پێویستیمان به دانوستانی چڕ‌وپڕ و درێژخایه‌ن هه‌یه له‌گه‌ڵ توركه‌كان، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئاخۆ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دۆخه‌كه به چ ئاراسته‌یه‌كه‌وه ده‌ڕوات"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له‌وه دڵنیا ببێته‌وه كه دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سووریا هیچ زیانێك به كورد ناگات.
پۆ‌مپێیۆ جه‌ختی كرده‌وه، "گرنگترین ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكا دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان له سووریا، به‌رده‌وامیدانی په‌یوه‌ندییه‌كانمانه له‌گه‌ڵ كورد له سووریا" و گوتی: "په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كورد له ئاستێكدا ده‌بێت، كه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م گرنگیپێدانه‌كانمان بگونجێت، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازی، به‌ڵكو له بواری دیپلۆماسیشدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌هێز و به‌رده‌وام ده‌ھێڵینه‌وه"، پۆ‌مپێیۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه زۆر به‌باشی له‌و كاره گرنگه تێده‌گه‌ین كه كورد له جه‌نگی دژ به تیرۆر كردوویه‌تی و رێز له‌و رۆڵه‌یان ده‌گرین و وێڕای به‌رز نرخاندنیان، هه‌موو هه‌وڵێك بۆ رێزگرتن له‌و قوربانییه ده‌ده‌ین، كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو داویانه".
ئه‌و رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه نووسیویه‌تی، "ئێستا كوردی سووریا ده‌توانن چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی باشتر و زیاتر له پلانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌رچه‌نده پێشتر هۆكارێك هه‌بوو كه كورد به گومانه‌وه سه‌یری بڕیار پلانی ئه‌مه‌ریكا بكات له‌باره‌ی كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سووریا، به‌ڵام ئێستا و دوای لێدوانه‌كانی مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كورد ده‌توانێت له‌وه دڵنیا بێته‌وه كه واشنتۆن ناپاكی له‌گه‌ڵیان ناكات و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێت، دوای ئه‌و ماندووبوون و دڵه‌ڕاوكێیه، به‌دوای حه‌سانه‌وه‌دا بگه‌ڕێت".
به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ی پۆ‌مپێیۆ و ئێیلی لیك تایبه‌ت بوو به كاریگه‌رییه‌كانی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی واشنتن بۆ ئێران، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پۆ‌مپێیۆ دووپاتیكرده‌وه، "كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان بۆ فراوانخوازییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه نابێت و ئێمه به‌رامبه‌ر به تاران خاوه‌ن سیاسه‌تێكی نه‌گۆڕین".
H.B