قهبارهی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ههولێر و تاران زیاد دەكات
"ساڵی 2018 زیاتر بووە لە 2017"
K24 - ھەولێر
وەزارەتی کارەبا رەتیدەکاتەوە لەگەڵ ئێران گفتوگۆیان هەبێت بۆ راکێشانی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان دەشڵێت، نامانەوێت بۆ دابینکردنی کارەبا پشت بە ئێران ببەستین. لەبارەی قەبارەی بازرگانی ئێران و هەرێمی کوردستانیش ساڵی 2018 گەیشتووەتە نزیكەی 3 ملیار دۆلار و دوای گەمارۆکانی سەر ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ناردنی سوتەمەنی بۆ ئەو وڵاتە قەدەخە کراوە.
بەپرسی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران ھەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق و سووریا دەڵێت، ساڵانە بای 11 ملیار دینار کەلوپەل هەناردەی عێراق دەکرێت. بەپێی داتاکانیش لەو 11 ملیار دۆلارە 3 ملیاری لە ساڵی 2018 بۆ هەرێمی کوردستان بووە و بەهۆی داکەوتنی بەهای تومەنیش ساڵی 2018 قەبارەی بازرگانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە چاو ساڵی 2017 بەرزو بووەتەوە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی هاوردەو ھەناردەکارانی هەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "لە رووی ھەناردەكردنی كاڵا لە رێگەی ھەرێمی كوردستان بە بەراود بە ساڵی 2017 لە ساڵی 2018 زیادیكردووە".
کارەبا یەکێکە لەو سێكتەرانەى كە ئێران دەیداتە عێراق، حەسەن دانای فەر رایگەیاندووە "لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان"، گوتەبێژی وەزارەتی کارەباش رەتیدەکاتەوە ئەو گفتوگۆیە لە نێوان ئەوان و ئێراندا هەبێت و راشیدەگەیەنێت "بۆدابینکردنی کارەبا نامانەوێت پشت بە ئێران ببەستین".