ورده‌كاری جێگیربوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سنووری كه‌ركووك

لە سەربازگەی کەی وەن جێگیربوونه

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسانی خۆجێیی کەرکووك، جەخت لەوە دەکەنەوە سوپای ئەمه‌ریکا هاتووه‌ته‌ سنووری پارێزگای کەرکووك و لە سەربازگەی کەی وەنی نزیک ئەو شارە جێگیربوون.

ئەوان دەڵێن هاتنی ئەمه‌ریکا بۆ رێگریکردنە لە مەترسییەکانی داعش و جێبەجێکردنی ستراتیژی نوێیە بەرامبەر کورد، لە بەرامبەریشدا سیاسەتڤانێك پێیوایە، ئەمه‌ریکا هیچ کارێکی لە بەرژەوەندی کورد نابێت، چونکە ئەوەی لای واشنتن گرنگە، کورد نییە، بەڵکو دەوڵەتانی ناوچەکەن.

چەند رۆژێکە دەنگۆی چوونی هێزێکی ئەمریکا بۆ سەربازگەی کەیوەن لە کەرکووك بڵاوبووەتەوە، بەگوێرەی هەندێك زانیاریی نافەرمی، ئەمه‌ریکا نیازی وایە کەی وەن بکاتە پێگەیەکی گرنگی ستراتیژی بۆ خۆی.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای كه‌ركووكیش دەڵێت، ئەمه‌ریکا ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاریی گەورە دەکات لە عێراق.

سەرۆکی لیستی برایەتیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك هاتنی سوپای ئەمه‌ریکا بە هەنگاوێکی باش دەزانێت و پێیوایە، گەڕانەوەی ئەمه‌ریکا بۆ کەرکووك لە پێناو پاراستنی شارەکەیە.

مەحموود عوسمان، ئەم پیاوەی هەوراز  و نشێوی 60 ساڵی رابردووی باشووری کوردستانی بینیوه‌، پێیویە ئەمه‌ریکا هەر هەنگاوێک بهاوێژێت لە بەرژەوەندی کورد نییە.

لەگەڵ سەپاندنی ئابڵۆقە ئابووریەکانی ئەمه‌ریکا بەسەر ئێراندا و باسکردن لە کشانەوەی ئەمه‌ریکا لە سووریا گرنگی کەرکووك هێندەی دیکە زیاد دەکات، بەڵام ئەوەی وەك پرسیار دەمێنێتەوە ئەوەیە، هەنگاوەکانی ئەمریکا دەتوانێ چی بۆ کورد تیادا بێت.

ئ. م