ھۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەكرێت
"دەبێ لە جیاتی پلە و پۆست رێككەوتن لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی بكرێت"
K24 - ھەولێر
یهكێتی نیشتمانی كوردستان هۆكارێكی دیكهی كۆنهبوونهوهیان لهگهڵ پارتی بۆ بوونی كۆمهڵێك مهرج دهگهڕێنێتهوه، به گوتهی بهرپرسانی یهكێتی تائێستا جێبهجێنهكراون.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ھۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ ھەبوونی کۆمەڵێك مەرجی حزبەکەی دەگەڕێنێتەوە کە تائێستا لای پارتی جێبەجێ نەکراون. ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتیش دەڵێت، حزبەکەی سوورە لەسەر ئەوەی ھەرچی زووە پەرلەمان دەست بە كۆبوونهوهكانی بکات و کارە تەواو نەکراوەکانیش تەواو بکات.
لەم ھەفتەیەدا نەتواندرا کۆبوونەوەی لوتکە لەنێوان پارتی و یەکێتی ئەنجامبدرێت، گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکوومەتیش لەسەر ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە وەستاوە، ھۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەکەش، لەسەر داوای یەکێتی بووە، کە داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەیان بۆ ماوەیەك لە پارتی کردووە.
ئارێز عەبدوڵڵا، بە كوردستان24 گوت: "دواخستنی كۆبوونەوەكان دەریدەخات، كە ھێشتا ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی زۆرن، ئەگینا كە كاتی كۆبوونەوە دیاركرا دەبێ بكرێت، بەتایبەتی پێكھێنانی كابیەنی نوێی حكوومەت زۆر دواكەوتووە، ئەو حكوومەتە ھی ھەموو خەڵكی كوردستانە نەك تەنھا ھی پارتی و یەكێتی تا بە كەیفی خۆمان دوایخەین، دەبێ لە جیاتی پلە و پۆست رێككەوتن لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی بكرێت".
پارتی رەتیکردووەتەوە ئەو لیژنەیەی کە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکان پێکھێندراوە، ھەڵبوەشێتەوە، جگە لەوەش مەبەستیانە بە لایەنی کەمەوە، کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داھاتوو، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی خۆی بکات و کارە تەواونەکراوەکان تەواو بکات.
فرسەت سۆفی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکھێنانی كابیەنی نوێی حکوومەت، دەڵێ: "بابەتی چاكسازی بووەتە پرسێكی گەرم تەنانەت لەسەر مێزی گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومەت، پارتیش وەك براوەی یەكەمی ھەڵبژاردن پێش ھەموویان جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێ ئەو پرسە لە كابینەی 9 پرسێكی گرنگ و جەوھەری بێت".
بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، بە دەر لە فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی، ھەندێک فراکسیۆنی دیکەی ناو پەرلەمانی کوردستان، دژی دوا کەوتنی پێکھێنانی حکوومەت و ھەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، دەست بە مانگرتن دەکەن و تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت لە ناو تەلاری پەرلەمان دەمێننەوە و دەست لە مانگرتنەکەیان ھەڵناگرن.