ئەنجوومەنی وەزیران پشكی كورد لە بودجەی عێراق تاوتوێ دەكات

سەرجەم وەزیرەكان بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە كۆبوونەوەدایە و بە گوێرەی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكەدا پشكی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق تاوتوێ دەكرێت و ھەروەھا بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران تێبینی و سەرنجەکانی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بدات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکردنی بودجەی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی سەرجەم وەزیرەكان دەستیپێكرد. كۆبوونەوەكە یەك تەوەر لەخۆ دەگرێت ئەویش پشكی كوردە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق".

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "پەرلەمانتارانی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند پێشنیارێكیان سەبارەت بە پشكی كورد و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و نەوت داوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، یەكێك لە پێشنیارەكان ئەوەیە كە مووچە بەدەربێت لە رێككەوتن لەسەر داھاتی نەوت".

بەپێی نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە بودجەی گشتی عێراق جێگیرکراوە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.