پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەست پێدەکاتەوە
ھۆكاری نەكردنەوەی بنكەكان ئاشكرا دەكرێت
K24 - ھەولێر
سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە تۆمارکردنی کارتی بایۆمەتری بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێتەوە و بەهۆی پەسەند نەکردنی بودجەی 2019 عێراقەوە ناتوانرێت کارمەند بۆ پرۆسەکە دابمەزرێنرێت. بۆ رێگری کردن لە دەستکاری کردنی ئەنجامی دەنگدان پێشنیاز کراوە ئەو کۆمپانیایەی ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدانی دروستکردوە خۆی سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.
عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "بەداخەوە لە كوردستان كارمەندی جێگیرمان زۆر كەمە، بۆیە ناتوانین بنكەكان بكەینەوە، كاتێك بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ پەسندكرا، ئەوكات دەتوانین كارمەند دابمەزرێنین و بنكەكان بكەینەوە".
لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2018 بە سیتمی ئەلیکترۆنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام پڕبوو لە کێشە بە تایبەت لە دەستکاریکردنی ئەنجامەکان بۆ رێگری لە دووبارە کردنەوەی ئەو گرفتانە پێشنیاز کراوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەو کۆمپانیایەی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی دروستکردوە خۆیان سەرپەرشتی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگدان بکەن.
پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە عێراق بۆ رێگری بوو لە پێشێلكاریی و ساختەکاری زوو راگەیاندنی ئەنجامەکان، بەڵام بە پێچەوانەوەی پێشبینیەكان، ھەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق بە یەكێك لە ھەڵبژاردنە پڕ كێشەكان ھەژمار دەكرێت.