ژنێكی پێشمەرگە 40 ساڵە بە دیار باوڵەی كوڕە شەھیدەكەی تەنیایی ھەڵبژاردووە
ھێندە گریاوە چاوێكی لەدەستداوە
K24 - سلێمانی
ژنێكی پێشمەرگە، کە ساڵانێك زۆر خزمەتی پێشمهرگه و شۆڕشی کردووە، 40 ساڵە ژیانی تەنیایی لەناو كۆنه خانوویەکی سلێمانی بەدیار باوڵە بەجێماوەکەی کوڕە پێشمەرگە لەسێدارەوەکەی ئەگوزەرێنێ، ئەو ھێندە بۆ کوڕە پێشمەرگەکەی گریاوە چاوێکی لەدەستداوە و چاوەکەی دیكەشی نزیكه بە تەواوی بینایی لەدەست بدات.
حاجی ئامینە، 40 ساڵی رێکە دڵی نههاتووه، دەستکاری باوڵی کوڕە پێشمەرگە شەھیدکراوەکەی بکات، کە جل و بەرگ و پێداویستییەکانی قوتابخانەی تێدایە. ئەو ھێندە بۆ لەسێدارەدانی کوڕە پێشمەرگەکەی گریاوە، تا چاوێکی لەدەستداوە و چاوەکەی دیکەشی لێڵ دهبینێ.
حاجی ئامینە ئێستا تەواو شەکەت و ماندبووە، ساڵانێک پێشمەرگەبووە و خواردنی بۆ پێشمەرگەکان دروستکردووە، تا ئەوکاتەی محەمەدی کوڕە ناوەنجیەکهی بە برینداری دەکەوێتە دەستی رژێمی بەعس و لە مووسڵ لە سێدارەی دەدەن.
ئەم دایكه پێشمەرگەیە وەک خۆی ئەیگێرتەوە 24 ساڵی تهواو، مانگانە جارێک بۆ دووجار، سەردانی مووسڵی کردووە بۆ چوونە سەر گڵکۆی کوڕە شەھیدەکەی، تەنانەت جاری وابووە پارەی پێنەبووە و لە خەڵکی کۆکردووەتەوە تهنیا بۆ ئهوهی بچێته سهردانی گۆڕی كوڕهكهی، تا ئەوکاتەی ئیسک و پروسکی محەمەدی لەسێدارەدراوی بۆ دێننەوە بۆ سلێمانی.