دامه‌زراوه‌ى ترەنس ئەتلەنتیک: مه‌سروور بارزانی باشترین بژارده‌یه‌ و ئەمه‌ریکا و هەموو کۆمەڵگە دیموکراتەکان هاوکاریی دەکەن

گونجاوترین بژاردەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران

K24 – هه‌ولێر:

جێگری سەرۆکی تۆڕی سەرکردایەتیی ترەنس ئەتلەنتیک،  کە تینک تەنکێکی بەناوبانگە لە واشینتۆن، پێیوایە مەسروور بارزانی گونجاوترین بژاردەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ساشا تۆپێریچ رايگه‌ياند، هێشتا هه‌رێمى کوردستان بە هەڕەشەی ئەمنییەوە دەورە دراوە هەر بۆیەش سەرکردایەتیکردنی ئەم هەرێمە لەلایەن کەسێکەوە کە شارەزاییەکی بەهێزی لە بواری ئەمنییەوە هەیە،  هەم دەتوانێت هه‌رێمى کوردستان بپارێزێت و هەم په‌يوەندییەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و کوردستان بباتە ئاستێکی بەرزتر.

تۆپێریچ هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات جیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بنبڕکردنی گەندەڵی لە پێشينه‌ى کارەکانی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی کوردستانە و لەم رووەوە ئەمه‌ریکا و هەموو کۆمەڵگە دیموکراتەکان هاوکاری مه‌سروور بارزانی دەکەن.