دەشتی نەینەوا و شنگال دەكرێنە سەربازگە
خزمەتگوزاری ناگاتە دەشتی نەینەوا
K24 - ھەلێر
بەرپرسانی ئیداری دەشتی نەینەوا و شنگال داوا دەکەن بە سەربازگەکردنی ناوچەکانیان کۆتایی پێبێت و هەرچی زووە خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە ناوچەکانیان، هەرسێ قایمقامی شنگال و بەرتلە و تلکێف لە رێگای کوردستان24ەوە داوا دەکەن میلیشیاکان ئەو ناوچانە جێبهێڵن. باس لەوەشدەکەن کە بەهۆی هەست نەکردنیان بە ئارامیەوە هاووڵاتیان دەستیان بە دووبارە کۆچکردن کردووە بەرەو هەرێمی کوردستان.
لە دەروازەی قەزای حەمدانییەی دەشتی نەینەواوە، ئاڵای هێزە جیا جیاکانی حەشدی شەعبی لە هەموو لایەکی قەزاکە هەڵكراوە، بەجۆرێک هەرگیز خەیاڵت بۆ ئەوە ناچێ رۆژانێک زۆرینەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کریستیان بووبن، قایمقامی قەزاکە دەڵێ "ئەو خەڵکەی گەڕاونەتەوە هەست بە ئارامی ناکەن"، هۆشداریشدەدا لەوەی گەر وا بڕوا رەنگە دووبارە خەڵکی ئاوارەیی هەڵبژێرنەوە.
لەوبارەوە عیسام بەهنام، قایمقامی حەمدانییە بە كوردستان24 گوت: "خراپی خزمەتگوزارییەکان کە بریتین لە ئاو و کارەبا بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکی دووبارە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمە جگە لە نەبوونی هەلی کار، پێشتر خەڵکی سەرقاڵی بازرگانی و چاندن بوون، بەڵام ئێستا وا نییە، هاووڵاتیانیش هەست بە ئارامی ناکەن، چونکە قەزاکە کراوەتە سەربازگەیەکی گەورە و ژمارەیەکی زۆر هێزی جیاجیای تیادایە".
مەینەتیی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا تەنها لە نەبوونی ئارامیدا خۆی نابینێتەوە، لە تلکێفە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کارەوە گەنجان یان سەری خۆیان هەڵدەگرن یان بە ناچاری دەبنە چەکداری ئەو میلیشیایانەی دەسەڵاتدارن لە ناوچەکە.
باسم بەلۆ، قایمقامی تلکێف بە كوردستان24 راگەیاند: "خەڵکی ناگەڕێنەوە، چونکە شارەکەمان بووەتە سەربازگە، ژمارەیەکی زۆر خاڵی پشکنینی لێیە، لەناو شارەکە خەڵک هەست بە ئارامی ناکەن، لەبەر رۆژانە ژمارەیەکی زۆر هێزی چەکدار لەناو قەزاکە دەست بە نمایشدەکەن، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی بوونی دادگای تیرۆرەوە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر تیرۆرست بۆ دادگاییکردن دێننە قەزاکە کە لەگەڵیاندا هێزێکی زۆر دێت".
ھەر پەیوەست بەو پرسە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال دەڵێ: "كارەساتی سەر شنگال خەڵكی ئێزدی بەردەوامی ھەیە، ھەم لەبواری مرۆیی و ھەمیش لە رووی سەربازیی و خزمەتگوزاری".