مەسەدە: رۆژهەڵاتی فورات رادەستی دیمەشق ناکەین
داواكارییەك رەتدەكەنەوە
K24 - ھەولێر
هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، ئەوان رۆژهەڵاتی رووباری فورات وەکو دەرعا و حمس رادەستی حکوومەتی سووریا ناکەن.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت رایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی سووریا لەکاتی دانوستانەکاندا داوای رادەستکردنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رووباری فورات هاوشێوەی دەرعا و حمس و غوتە بکات، ئەوا ئەو داواکارییە لەلایەن ئەوانەوە رەتدەکرێتەوە و قبوڵی ناکەن، چونکە ئەو ناوچانە لەلایەن بەڕێوەبەری خۆسەرەوە رێکخراون و هێزی سەربازی تایبەت بە خۆیان هەیە.
ئیلهام ئەحمەد ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ عەلی مەملووک، سەرۆکی نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی سووریا کۆبوونەتەوە و پڕۆژەی خۆیان لەبارەی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە دەستوور و سەروەری خاکی سووریا و ئاڵا پێشکەش کردووە.