كۆماری كوردستان یەكێتی نەتەوەیی دروست كرد
73 ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەھاباد تێدەپەڕێت
K24 - ھەولێر
73ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد تێدەپەڕێت، لە کۆماری کوردستاندا بە رێبەری پێشەوا قازی محەمەد هەوڵ بۆ دروستکردنی کۆمارێکی دیموکراتی و نیشتمانی درا، بەڵام تەنیا 11 مانگی خایاند و بە هێرشی سوپای ئێران بە پاڵپشتی زلهێزەکان شكستی پێھێندرا.
ئەو چیرۆكەی كە ھێشتا بەردەوامە، 73 ساڵ لەمەوبەر لەشاری مەھاباد كۆمارێك راگەیاندرا، ئەگەرچی تەمەنی كەمبوو، بەڵام ئامانجە گەورەكەی وەبیر داگیركەران ھێنایەوەو یەكگرتووییەكی نەتەوەیی لەنێوان ھەموو خوازیارانی دەوڵەتی كوردستان لە ھەرچوار پارچەی كوردستان دروستكرد. مەلا مستەفا بارزانی، لە باشوورەوە چووە یارمەتی پێشەوا قازی محەمەد و كۆمارەكەی بۆ ئەوەی بڵێ دەرفەتی سەربەخۆیی لە ھەر پارچەیەك بێ، ئەوانیش لەوێ دەبن.
لە دوای شەڕی دووەمی جیھانی ئەگەرچی بەریتانیا و ئەمەریكا لەلایەك و یەكێتی سۆڤییەت لەلایەكی دیكەوە، چوار ساڵ لە یەك سەنگەر شەڕی ئەڵمانیای نازیان وەكو دوژمنی ھاوبەش كرد، كە بەسەر ھیتلەردا سەركەوتن، ناكۆكییەكانیان لەسەر پشكەكانیان لەناوچە و بەتایبەت ئێران دەستی پێكرد، سوپای سووری سۆڤییەت لە باكوور و رۆژئاوای ئێران مایەوە، بەریتانی و ئەمەریكییەكانیش لە ناوچەكانی دیكەی ئێران بوون، لەساڵی 1944- 1945 دەرفەتێك لە موكریان رەخسا، حكوومەتی محەمەد رەزا شای گەنج دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نەمابوو، ھەر بۆیە قازی محەمەد كە ئەمجارەیان سەرۆكی حیزبی دیموكراتی كوردستانیش بوو، لە 22-ی كانوونی دووەم كۆماری دیموكراتی كوردستانی راگەیەندرا، بە بەیاننامەی راگەیاندنی كۆمار و رۆژنامەی كوردستانی زمانحاڵەوە دیار بوو كە ئامانج دەوڵەتێكی كوردی دیموكراتە. ئەو خەونە 11 مانگی خایاند، دواتر گەلەكۆمێی نێودەوڵەتی و پشت تێكردنی ھەندێك سەرۆك عەشیرە وایكرد كۆمار جوانە مەرگ بێت.
چیرۆكی كۆماری كوردستان بە لە سێدارەدانی پێشەوا كۆتایی پێ نەھات، ئاڵای كوردستان لەلایەن پێشەواوە رادەستی جەنەراڵ بارزانی كرابوو، بۆ ئەوەی لە ھەر پارچەیەك دەرفەت ھەبوو ئاڵاكە ھەڵبدرێت و بانگی سەربەخۆی بدرێت، لە 2017-دا سەرۆك بارزانی وەكو میراتگری ئەو نەوە ناسیۆنالیستە راشكاوە ریفراندۆمی سەربەخۆی ئەنجامدا، زیاتر لە 92%ی خەڵكی باشووری كوردستان گوتیان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، دیسان خیانەتی نێوخۆیی و گەلەكۆمێی دەرەكی چیرۆكی كۆماری كوردستانی درێژتر كردەوە، ئەو چیرۆكەی رۆژێك سەربەخۆیی خوازان دوا دێری ھەر دەنووسنەوە.
کۆماری كوردستان لە 2ی رێبەندانی 2646ی كوردی، 22ی كانوونی دووەمی1946 لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهابادی ناوچەی موكریانى خۆرهەڵاتی كوردستان راگەیەندرا، دوای 330 رۆژی تەمەنی كۆمار لە 17ی كانوونی یەكەمی 1946 كۆتایی بە دەسەڵاتی كۆماری كوردستان ھێندرا.